مەسعود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە (16ى 10ى 2025)، جەختی کردەوە کە قەیرانی ئابووری و ئازارەکانی گەلی ئێران بەهۆی سزاکانی دەرەکییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی ناوخۆییەوەیە، گوتیشی بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردەکان و بەڕێوەبەرانی وڵات.
پزیشکیان لە گوتارێکیدا لەبەردەم کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی پەروەردەی پارێزگای ئەسفەهان، گوتی: "ئێمە لەسەر زێڕ دەخەوین، بەڵام برسیمانە، کەمتەرخەم ئێمەین، نەک ئەمریکا".
هەروەها گوتی: "ئێران خاوەنی سامانێکی سروشتیی زۆرە، لە سەرووی هەموویانەوە نەوت، بەڵام بە باشی وەبەرهێنانی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان و باشترکردنی گوزەرانیان نەکردووە".
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا کە "نابێت هەمیشە تاوان بخەینە ئەستۆی دوژمنان، بەڵکو ئەستۆی ئەو بەرپرسانەی کە نەیانتوانیوە سەرچاوە نیشتمانییەکان بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە ببەن"، جەختیشی کردەوە کە "ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ناوخۆی وڵاتەوە دەست پێدەکات، لە ڕێگەی چاکسازیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دروستکردنی متمانە لە نێوان حکوومەت و گەلدا".
لێدوانەکانی پزیشکیان دوای زنجیرەیەک لە هەڵوێست دێت کە تێیدا داوای ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە دۆخی گوزەرانی خراپتربوو کرد، لە جیاتی ئەوەی هەڵەکان بخاتە ئەستۆی سزاکانی ڕۆژئاوا یان فشارە دەرەکییەکان.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئەولەویەتی قۆناغی داهاتوو باشترکردنی ئاستی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەڕێوەبردنە، ئاماژەی بەوەشدا کە "مەترسییە ڕاستەقینەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە نایەت، بەڵکو لە ناکۆکی ناوخۆیی و ململانێ سیاسییەکانەوە دێت کە دەوڵەت لە ناوەوە لاواز دەکات".
لێدوانەکانی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە بههۆى بهرزبوونهوهى نرخەکان و دابەزینی بەهای دراو، فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر حکوومەت زیاد دەکات، ئەمەش وادەگهیهنێت بانگەوازەکەی بۆ "هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و چاکسازی لە ناوەوە" وەک پەیامێکی سیاسی ڕوون بێت بۆ دەسەڵاتدارانی باڵای تاران.
وەڵام بدەوه