سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "تاوانێکی ئاشکرا و بێپێشینە" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، ئەو هێرشە بێتوانایی ئەمریکا و ئیسرائیلی سەلماندەوە.
سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، لە یەکەم ساتەکانەوە بۆیان روون بووە کە "پشتیوانی و هاوڕێیەتیی هەمەلایەنەی ئەمریکییەکان لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەم دەستدرێژییەدا کاریگەر بووە." هەروەها دەڵێت، ئەم کارە "بۆ چەندینجار، بێتوانایی بەرەی دەستدرێژیکاری سەلماند... ئەوان نە دەستپێشخەرییان هەیە و نە توانای دەربازبوونیان لە وەڵامی قورس."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی "چاودێریی وردی هەواڵگریی" هێزە چەکدارەکانەوە، شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی هێرشەکە "ناسراوەتەوە و لەژێر چاودێریدایە."
سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە "ژمارە، بڵاوبوونەوە و فراوانیی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، خاڵی بەهێز نین، بەڵکو لاوازی و ئامادەییان بۆ زیانپێگەیاندن دوو هێندە کردووە."
لەبارەی داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەیانەوە، سوپای پاسداران دەڵێت: "تەکنەلۆژیای خۆماڵی و ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ هێرشێک لەناوناچێت، بەڵکو ئەم هێرشە ئیرادەی زانا گەنجەکانمان بۆ پێشکەوتن بەهێزتر دەکات."
هەروەها رایگەیاندووە، لە وەڵامی ئەم دەستدرێژییەدا "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆیانە ٣، کە تاوەکو ئێستا زایۆنییەکان 20 شەپۆلیان ئەزموون کردووە، بەشێوەیەکی ورد، ئامانجدار و گورچکبڕ دژی ژێرخان و ناوەندە ستراتیژییەکانی رژێمی زایۆنی بەردەوام دەبێت."
سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووندتریش دەدات و دەڵێت، "دەستدرێژییەکەی ئەمڕۆی رژێمی تیرۆریستیی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگری لەخۆکردندا، پەنا بۆ بەکارهێنانی بژاردەگەلێک ببات کە لە دەرەوەی تێگەیشتن و حساباتی وەهمیی بەرەی دەستدرێژیکارە و دەبێت دەستدرێژکاران چاوەڕێی وەڵامی پەشیمانکەرەوە بن
وەڵام بدەوه