رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست باسى له پلانێكى نوێى ئیسرائیل كردووه بۆ له‌ناوبردنى وێستگه‌ى ئه‌تۆمى فۆردۆ. له‌وانه ئه‌نجامدانى هێرشێكى كۆماندۆیه بۆ سه‌ر وێستگه‌كه و دواتر ده‌ست به تێكشكاندنى بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 19ى حوزه‌یران، رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مه‌ریكى راپۆرتێكى له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر وێستگه‌ى فۆردۆى ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا باس له‌وه كراوه، فڕۆكه‌كانى بى -2 به بۆمبه تایبه‌ته‌كانى كه كێشه‌كه‌ى 30 هه‌زار كیلۆگرام زیاتر ده‌بێت، ده‌توانێ زیانێكى زۆر به فۆردۆ بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام هێشتا مشت‌ومڕ له‌ناو ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى له‌ناوبردنى فۆردۆ به‌رده‌وامه. هه‌ندێك له به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكى پێیان وایه، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌مه‌ریكا تا دوژمنێكى له‌ناو به‌رێت. به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا كه‌سانى تر هه‌ن له‌گه‌ڵ به‌شداربوونى ئه‌مه‌ریكا نین له ئۆپراسیۆنى تێكشكاندنى فۆردۆ، چونكه ئه‌مه وا ده‌كات ئه‌مه‌ریكا چه‌كێكى گرانبه‌ها به‌كار ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست تووشى ته‌نگژه‌یه‌ك ده‌كات.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ى بۆ لێدوانى تساحى هه‌نگبى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئیسرائیل كردووه كه گوتوویه‌تى، "جه‌نگه‌كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه پلانى بۆ دانراوه، له پێكانى ئه‌و ئامانجانه‌ى دیارمان كردوون، پێویستمان به ئه‌مه‌ریكا نییه، ده‌زانین چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كان بكه‌ین له‌باره‌ی فۆردۆ".
رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست باس له‌وه ده‌كات، ئیسرائیلییه‌كان روونى ناكه‌نه‌وه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فۆردۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام گریمانه ئه‌وه‌ى ده‌كرێت چه‌ندان بیرۆكه‌یان هه‌بێت، یه‌كێك له‌وانه ئه‌وه‌یه هێرشێكى كۆماندۆ بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كه به‌كار بهێنرێت، هێزێكى راهێنراو ره‌وانه‌ى سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ى بكرێت و هه‌وڵى تێكدانى فۆردۆ بدات.
د‌یڤید ئۆڵبرایت شاره‌زا له كاروبارى چه‌كى ئه‌تۆمى ئێران ده‌ڵێ، "ئیسرائیل چه‌ندان رێگه‌ى تر‌ى هه‌یه بۆ په‌كخستنى فۆردۆ، له‌وانه: پچڕانى كاره‌با، تێكدانى سیستمى هه‌واگوڕكێ، هه‌روه‌ها ده‌توانێ ده‌روازه‌كانى چوونه ژووره‌وه و ده‌روازه سه‌ره‌كییه‌كانى تر له‌ناو به‌رێت". ئه‌و شاره‌زایه دووپاتى ده‌كاته‌وه ته‌نانه‌ت بێ بۆمبه ئه‌مه‌ریكییه‌كه، ده‌توانرێ فۆردۆ په‌كبخرێت، ماوه‌یه‌كى زۆری ناوێت.
وەڵام بدەوه