سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند وەکو تورکیا بچووکترین لێبووردەییان نییە و دەبێت ئەوان چەک دابنێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ (شەممە 18-1-2025) لە پارێزگای مێرسینی تورکیا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
لەبارەی داهاتووی سووریا، ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر شەڕڤانان نیشاندا و گوتی "لە بەرامبەر رێکخراوی تیرۆرستیی یەپەگە کە سێیەکی وڵاتەکەی داگیرکردووە، بچووکترین لێبوردەییمان نییە. بەم نزیکانە دەست بە هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی ریشەیی ئەم بابەتە دەکەین. لەبەرئەوەی ئەو هێزانەی رێکخراوەکە زۆر متمانەیان پێدەکات، بەرژەوەندی و حسابیان لە ناوچەکەدا گۆڕاوە، ئیدی هیچ کەسێک نادۆزێتەوە بچێتە ژێر سێبەری و بێڕێزی بکات."
ئەمە لەکاتێکدایە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاوپەیمانی ئەمریکایە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و ساڵانە لە پێنتاگۆنەوە بودجە و هاوکاریی سەربازیی بۆ دەنێردرێت. هاوکات چەند وڵاتێکی زلهێزی ئەورووپا ناڕەزایی خۆیان لە دژی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا نیشان دەدەن.
ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی "گوێ بەو دەنگە ناسازانە نادەین کە لە ئەورووپاوە دێن. ئەورووپاییەکان با سەرەتا بابەتەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. دواتر بێن رێنمایی بە ناوچەکەی ئێمە بدەن. سەردەمی ئەوانە بەسەرچوو کە لەڕێی سیاسەتی 'جیای بکەوە-بەش بەشی بکە و بەڕێوەببە' سەدەیەکە لەم ناوچەیە دێن و دەڕۆن. هەر کێ چ دەڵێت با بیڵێت، یاریی 100 ساڵە تێکدەچێت. لە ناوچەکەماندا شنەبای برایەتی، ئاشتی و سەقامگیری هەڵدەکات."
ئەو هەڵوێستانەی تورکیا لەکاتێکدان؛ تاوەکو ئێستا حکومەتی کاتیی شام هیچ بڕیارێکی نەرێنیی لەبارەی بەڕێوەبەریی خۆسەر و هەسەدە نەداوە.
وەڵام بدەوه