KurdistanPress...

CLOSE

لە سوورتا چی ڕوودەدات؟

هێزەكانی رژێمی سووریا لە تەواوی شاری حەلەب كشاونەتەوە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە تەحریری شام بەتەواوی كۆنتڕۆڵی گەڕەكەكانی شاری (حەلەب)یان لە سووریا كردووە.

هەڵكشانی لەناكاوی ئاڵۆزییەكان لە سووریا، لەنێوان سوپای سووریای سەر بە بەشار ئەسەد و گرووپە چەكدارەكان بەردەوامە، ئەمڕۆ شەممە، 30 تشرینی دووەمی 2024، كە ئەمە یەكەم جارە گرووپە چەكدارەكان بچنە ناو حەلەب، دووەم گەورەترین شاری سووریا، لەو كاتەوەی سوپای سووریا كۆنترۆڵی تەواوی شارەكەی لە ساڵی 2016 كردووە.

لە دوایین پێشهاتەكاندا، رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووری ڕایگەیاندووە كە گرووپە چەكدارەكان بە شێوەیەكی تەواوەتی لە گەڕەكەكانی حەلەب ئامادەن، لەگەڵ كشانەوەی تەواوی هێزەكانی سوپای سووریا لە شارەكە و نەبوونی تەواوی هێزەكانی سەر بە رژێم لە ژمارەیەكی زۆر لە گەڕەكەكانی حەلەب.

هەروەها رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووری ڕایگەیاندووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، تاوەكوو بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 155 كەس لە دەستەی تەحریری شام و 79 كەس لە هێزەكانی سەر بە رژێمی سووریا كوژراون.

پێش چەند سەعاتێك، چاودێری سووری پشتڕاستی كردەوە، كە نیوەی شاری حەلەب كەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكان، لەكاتێكدا سەرچاوەكانی (العربیة) و (الحدث) پشتڕاستیان كردەوە، كە حكوومەتی سووریا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی داخستووە و هەموو گەشتە ئاسمانییەكانی تا ئاگاداركردنەوەیەكی تر هەڵوەشاندووەتەوە.

پێش ئەوەشیان، كرێملین دۆخی حەلەبی وەك دەستدرێژییەك بۆ سەر سەروەریی سووریا وەسف كرد، هەروەها رایگەیاند، كە مۆسكۆ پشتگیریی گەڕاندنەوەی سیستەمی حوكمڕانی دەكات لە ناوچەكەدا.

سەرچاوەكانی سوپای سووریا بە (ڕۆیتەرز)یان ڕاگەیاندووە، كە سوپا ڕێگا سەرەكییەكانی چوون و هاتنی بۆ شاری حەلەب داخستووە، دوای ئەوەی ڕێنمایی دراوە بە هێزەكان، بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی (كشانەوە) لەو گەڕەكانەی كە گرووپە چەكدارەكان گەیشتوونەتە ناویەوە.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، كە ئەم هەنگاوە بە كردەوە شارەكەی داخستووە، دوای ئەوەی سوپا ڕێنمایی دەركرد لە خاڵەكانی پشكنین لەدەرەوەی شارەكە، بۆ ڕێگەدان تەنیا بە هێزەكانی سوپای سووریا بۆ تێپەڕبوون و چوونەژوورەوە.

بەڵام گرووپە چەكدارەكان وێنەیان بڵاو كردەوە، كە گوتیان هی ساتی چوونە ناو گەڕەكی شەعارە لە حەلەب، دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لە شارەكەدا.

هەروەها گرووپە چەكدارەكان وێنەی چوونە ناو گەڕەكی فیردەوسیان لە ناوەڕاستی حەلەب بڵاو كردەوە. ئەوان ساتی چوونە ناو بارەگای پارێزگاری حەلەب و نەخۆشخانەی سەربازییان تۆمار كرد، هەروەها گرووپە چەكدارەكان چوونە ناو بینای فەرماندەیی پۆلیس و بارەگای پارێزگار لە شاری حەلەب.

دەستەی تەحریری شام (بەرەی نوسڕەی پێشتر) و گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی وێنەیان بڵاو كردەوە، كە گوتیان لە ناوەڕاستی حەلەبەوە گیراون.

لە كاردانەوەكاندا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، گوتی: "حەلەب و ئیدلیب و دەوروبەریان بەشێكن لە ناوچەكانی كەمكردنەوەی گرژی، بەپێی ڕێككەوتننامەی (ئەستانە) و ئەوەی روو دەدات پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكەیە.“

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سووریا گۆڕانكارییەكی لەناكاوی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی (دەستەی تەحریری شام) و هاوپەیمانەكانی، لە ڕۆژی چوارشەممە، هێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر بنكەكانی هێزەكانی سوپای رژێمی سووریا لە باكووری ڕۆژئاوای وڵات.

دەستەی تەحریری شام، کە لە بەشێکی گەورەی ناوچەی ئيدلب حوکم دەکەن، ڕۆژی چوارشەمە هێرشێکی لەناکاوی بەرەو ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب دژ بە سوپای سووريا و ميليشياکانی ئێران دەست پێکرد.

پاشان سوپای نيشتمانیی سووريای سەر بە تورکيا، بەشداریی کرد بۆ هاوکاريکردنی تەحریری شام و لە ماوەیەکی کورتدا پێشڕەوييەکی فراوانيان کرد و سوپای سووريا و حزبوڵا و ميليشياکانی ئێران دەستيان بە کشانەوە کرد. بەپێی زانیارییەكان، ئێستا چەکدارانی تەحریری شام لە تەواوی گەڕەكەكانی ناو شاری حەلەبدا هەن.

دەستەی تەحریری شام لە چەندين گرووپی عەرەبی ئیسلامیی سوننە پێکدێت، سەرەکيترينيان جەبهەی نوسڕەی جارانە، کە سەر بە قاعيدە بوو. سوپای نيشتمانیی سووریاش لە چەندين گرووپی سوننە پێکدێ کە بەتەواوی سەر بە تورکيان. تەحریری شام بە بەشێک لەو گرووپانە دانانرێت.

سووریا لە ساڵی 2011ـەوە شایەتیی ململانێیەكی خوێناوییە، كە بووەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن كەس، وێرانكارییەكی گەورە لە ژێرخانی وڵاتەكەیدا دروست ڕووی داوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی ملیۆنان هاووڵاتی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات.

د.كاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا، (ئەنەكەسە) رایگەیاند، ماوەیەكی درێژە هێزەكانی سووریا هێرشی وەهایان لە دژی رژێمی سووریا ئەنجام نەداوە، لەبەرئەوە سیناریۆكان زۆر و ئاڵۆزن و هۆكارەكانیش زۆرن، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە، كە ئەو هێزانە دەبینن رژێمی سووریا و ئێران سەرقاڵن بە شەڕی ئیسرائیلەوە و ئەو ناوچەیە چەقی بوونی هێزە میلیشیاكانی سەر بە ئێرانە، هەر بۆیەش وەكوو لە هەواڵەكان دەبیستین، سەركردەیەكی گەورەی ئێرانی بە پلەی لیوا لەو هێرشانەدا كوژراوە، گوتیشی: ”ئەو هێرشە دووبارە دۆخی سووریای هێنایەوە رۆژەڤ كە رەوشێك لە سووریا هەیە و وەكوو مەنجەڵێكی سەرداپۆشراوە و لەناوەوە دەكوڵێت.“

ئەو سەركردەیەی سووریا ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی تێبینی دەكرێ، ئەمریكا و ئیسرائیل و توركیا ئاگاداری ئەو شەڕەن و شەڕێكە لە دژی هەژموونی ئێران و رووسیایە لە ناوچەكە كە ئامانجەكە لاوازكردنی رژێمی سووریایە، هەر لاوازكردنێكیش بۆ رژێمی سووریا، ئەگەر كورد لە رۆژئاوای كوردستان یەكگرتوو بێت، بێ گومان لە بەرژەوەندیدا دەبێت، چاوەڕوانیش ناكرێ ئەو هێرشە بۆ لێدان بێت لە كورد، چونكە ئەو هێزانە دەزانن ئەمریكا پشت لە ناوچە كوردییەكان ناكات و دەیانپارێزێ، لەبەرئەوە زیاتر ئەوەی دەبینرێ بۆ لێدانە لە هەژموونی ئێران و رووسیا و رژێمی سووریا.”

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه