Kurdistan Press - سەرۆککۆماری ئێران پەیامێک ئاراستەی جیھان دەکات سەرۆککۆماری ئێران پەیامێک ئاراستەی جیھان دەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆککۆماری ئێران پەیامێک ئاراستەی جیھان دەکات

ئەمڕۆ 13ی تەمووزی 2024 سەرکۆماری نوێی ئێران پەیامێكی بە ناونیشانی "پەیامی من بۆ جیهانی نوێ" بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کردەوە و تێیدا ستاییشی سیاسەتی دۆستایەتیی لەگەڵ چین و ڕووسیا دەکات و نووسیویەتی: ”چین و ڕووسیا بەردەوام لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵمان بوون. ڕووسیا هاوپەیمانێکی گرنگی ستراتیژی و دراوسێیەکی ئێرانە و کابینەکەم پابەند دەبێت بە فراوانکردن و پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانمان."

مەسعود پزیشکیان لە پەیامێكی کە ڕۆژنامەی (تاران تایمز) بڵاوی کردووەتەوە، ڕەخنە لە سیاسەتی ئەمەریکا دەگرێت و دەڵێت: ”حکوومەتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی، هاوكات ڕەخنەشی لە ئەمەریکا گرت و داوای کرد سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر ئێران بگرێتە بەر.“

هەروەها دەڵێت: "ئەمەریکا پێویستە ڕاستییەکە بزانێت و تێبگات، ئێران وەڵامی فشار ناداتەوە و ڕێبازی بەرگریی ئێران چەکی ئەتۆمیی تێدا نیە."

پزیشکیان لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بەسەر کاندیدێکی توندڕەوەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات. هەروەها دەڵێت: ”تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا فراوانتر دەکات و لەگەڵ ئەورووپادا گفتوگۆ دەکات.“

هەروەها لەو یاداشتەدا، پەرۆشبوونی خۆیی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تورکیا، سعوودیە، عومان، عێراق، بەحرەین، قەتەر، کوەیت، ئیمارات و وڵاتانی دیکەی هەرێمی دەربڕیوە لەپێناو قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و برەودان بە وەبەرهێنانی هاوبەش، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و هەنگاونان بەرەو دیالۆگ و بنیاتنانی متمانە و گەشەپێدان.

گوتیشی: "گەلی ئێران متمانەی خۆیان داوە بە من تاوەکوو ماندوونەناسانە هەوڵی پەیوەندیی بونیادنەر بدەم لەسەر ئاستی جیهان و لە هەمان کاتیشدا سووربوون لەسەر ماف و شکۆ و ڕۆڵە شایستەکەمان لە ناوچەکە و جیهاندا."

دەشڵێت: "بانگهێشتی هەموو ئەوانە دەکەم کە دەیانەوێت پەیوەندیمان پێوە بکەن و بەشدار بن لەم ئەرکە مێژووییەدا."

پزیشکیانی تەمەن (69) ساڵ کە پزیشکی نەشتەرگەریی دڵە، بەڵێنی هاندانی سیاسەتێکی دەرەكیی کرداریی داوە، هەروەها بەڵێنی داوە گرژییەکان لەسەر گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کەم بکاتەوە کە ماوەیەكە چەقییان بەستووە، هەروەها بەڵێنیشی داوە ئازادیی کۆمەڵایەتی و چەندایەتیی سیاسیی باشتر بکات. بەڵام زۆر لە ئێرانییەکان گومانیان هەیە لە توانای پزیشکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ماوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا بە هاووڵاتیانی داوە.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه