کۆشکی سپی ڕای گەیاند، تاران ئاگادار کراوەتەوە لەبارەى هەڕەشەکانیان بۆ سەر تەلئەبیب، ئەمەیش دواى ئەوەى ئێران بەڵێنى هێرش کردنە سەر ئیسرائیلى دا لە وەڵامی هێرشەکەی سەر کونسوڵگەى ئێران لە دیمەشق.
"کارین ژان پیەر" گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، "ئێرانمان ئاگادار کردووەتەوە" بەرانبەر هەر هێرشکیان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمەیش ڕۆژێک پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە لە بەرانبەر هەر هێرشێکی ئێراندا.
هەروەها ئەمەریکا بە ئێرانی ڕاگەیاند، بەشدارییان لە هێرشەکەی دیمەشق نەکردووە و گوتەبێژى کۆشکى سپی گوتى، بە ئێرانمان ڕاگەیاند کە ئێمە هیچ ڕۆڵێکمان نەبووە لە هێرشەکەی دیمەشقدا.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز گوتەبێژەکە ڕاشی گەیاندووە، ئێرانیان ئاگادار کردووەتەوە لە بەکارهێنانی ئەم هێرشە وەک بیانوویەک بۆ زیاد کردنى گرژییەکان لە ناوچەکەدا، یان هێرشکردنە سەر دامەزراوە و کارمەندانی ئەمەریکا؛ دڵنیایی دراوە کە ئەمەریکا نایەوێت گرژییەکان پەرە بسێنن.
لەلایەکى تر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ماوەی 24 سەعاتى ڕابردوودا پێوەندیی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوتاکانیدا کردووە و دووپاتى لەوە کردووەتەوە، کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.
جێی ئاماژەیە، لەم ڕۆژانەی دواییدا سوپای ئیسرائیل هێماکانی GPSی سەر ژمارەیەک شاری تێکداوە، لەوانە قودس و تەلئەبیب ئەمەیش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن ئێران یان ئەو گرووپانەی ئێران پشتگیرییان لێ دەکات لە ناوچەکە ئەنجام بدرێت.
هۆکارى دروست بوونى ئەم هەڕەشە و گرژییانە لە ناوچەکەدا، دواى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵگەى ئێران دێت لە دیمەشق، کە بووە هۆى کوژرانى چەند فەرماندەیەکى دیارى سوپای پاسداران، بەرپرسانى ئێران بەڵێنى تۆڵەسەندنەوەیان داوە و هەڕەشەى راستەوخۆ ئاڕاستەى تەلئەبیب دەکەن. لەبەرانبەردا ئیسرائیل بەڵێنی داوە وەڵامی هەر هێرشێک بداتەوە کە بکرێتە سەریان.
وەڵام بدەوه