Kurdistan Press - بەیاننامەیەک لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە بەیاننامەیەک لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بەیاننامەیەک لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە یادی (٣٥)  ساڵەی شەهیدانی پڕۆسەکانی ئەنفالدا
بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە ،کە ئەمە دەقەکەیەتی:-
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان... 
(٣٥) سی و پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەفەرمانی راستەوخۆی سەرانی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە عێراق، گەورەترین و بەرفراوانترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامدا. 
ئەنفال  یەکێک بوو  لە و زنجیرە پلانە دڕندانانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ قڕکردنی نەژاد و ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو کە دارێژەر و جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیەبوو، جگەلە تەختکردن و وێرانكردنی دێهاتەکان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، بەعس جگە لەپاکتاوی جەستەیی گەلەکەمان، کەلتور و زمان  و ژینگە و سروشتی کوردستانیشی جینۆسایدکرد، بەو ئامانجەی جارێکیتر خاک ئاو و هەوای کوردستان جێگەیەکی شیاو نەبێت بۆ ژیان، 
بەڵام كەمتر لە (3) سێ‌ ساڵ دوای ئەو شاڵاوە دڕندانەیە و لە ئازاری ساڵی 1991 کۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەسەرجەم چین و توێژەکانەوە ڕاپەڕین و لە چەند رۆژێکدا تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان لە بەعس پاککردەوە و بۆ هەتاهەتایە كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ئەو رژێمە هێنا کە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و سەدان تاوانی دژبەمرۆڤایەتیان دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدابوو. 
كەس و كاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال
لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو بڕیارەى كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو بڕیارى بە سزا گەیاندنى ئەنجامدەرانیشیدا. 
بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەكاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگریت،بۆئەمساڵیش بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدانمان دیدارێکی گرنگ لەشاری هەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەکادیمیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دەدات.
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی جینۆساید.. 
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەک ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی کەیسە جیاوازەکانی جینۆساید کە دەرهەق بە گەل و خاک و ژینگەی کوردستان کراوە، ویست مەرامی وەزارەت ئەوەیە کە ئەم تاوانانە لە ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان زیاتر بناسێنێت، هاوکات هەموو توانا و هەوڵەکانیشمان دەخەینەگەڕ و پەرۆشی ئەوەین کە خزمەتی زیاتری كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی  و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆساید بکەین، چونکە شایانی ئەوپەڕی خزمەتکردنن، هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.
نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان... 
سەربەرزی بۆ خانەوادە کانیان... 
 وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان
                                                          ١٤ / ٤ / ٢٠٢٣

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه