بڕیارە سبەی سێشەممە ٤/٤/٢٠٢٣ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رێککەوتننامەیەک لەبارەی دۆسیەی نەوت و هەناردەکردنییەوە واژۆبکەن. بەپێی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکەی دەفرۆشێت، هەروەها کورد پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆی پێدەدرێت.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە رۆژی سێشەممە، ٤/٤/٢٠٢٣، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرس لەگەڵ حکومەتی ناوەندی رێککەوتنێک لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی ناوەندی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بکەن.
بەپێی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای سۆمۆ هاوبەشیی هەرێمی کوردستان دەکات لە فرۆشتنی نەوتەکەی، جگە لەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئاگاداری داهاتەکانی نەوت دەبێت.
رێککەوتننامەکە هەرێمی کوردستان بە دانپێدانانی بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی دەزانێت، کە ماوەیەکی زۆر بوو لەلایەن عێراقەوە نکۆڵی لێدەکرا، هەروەها بۆ یەکەمجارە بەپێی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە کوردێک دەبێتە جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە"سۆمۆ" و ئاگاداری سەرجەم گرێبەست و داهاتەکانی نەوتی عێراق دەبێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ چاودێریکردنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان پێکدەهێندرێت. داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بخرێتە هەژمارێکی بانکیی تایبەت وەکو ئەوەی لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023دا هاتووە، هەژمارەکە لەژێر چاودێریی حکومەتی ناوەندیدا دەبێت و هەرێمی کوردستان لێی خەرج دەکات. هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەستەکانی نەوت کۆتایی پێبهێنێت. دواتر لە نزیکترین کاتدا هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
لەسەر بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە تاکە دەروازەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە راگیرا، بڕیارەکە دوای سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا دێت، ئەو بڕیارە بووە بۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەشێکی کێڵگەکانی نەوتیی هەرێمی کوردستان و دواتر 330 مێگاوات کارەبای لەو بڕەی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت کەمکردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 2-4-2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گوت، "کەشوهەوای کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوت پۆزەتیڤ و باشن".
وەڵام بدەوه