سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، پێداچوونەوە بە مووچە و شایستەی کەسوکاری شەھیداندا دەکرێت، بەتایبەتی گەڕانەوەی 150 ھەزار بۆ سەر مووچەکانیان.
سەوسەن گەردی، سەرۆکی لیژنەی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەو کاتەی ڕەوشی داراییی ھەرێم باش بوو، حکوومەت 150 ھەزار دیناری وەک ھاوکاری دەخستە سەر مووچەی کەسوکاری شەھیدان، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایییەوە ئەو 150 ھەزار دینارە بڕدرا، ئێستا لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی دارایی ئەو بڕە پارەیە بگەڕێندرێتەوە بۆ کەسوکاری شەھیدان، چونکە کەسوکاری شەھیدان شایستەی ژیانێکی باشترن.''
سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی: "ئێمە داوامان کردووە بەشێک لەو داھاتەی بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەوە دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت بۆ کەسوکاری شەھیدان خەرج بکرێت، چونکە ڕەوشی بەشێک لە کەسوکاری شەھیدان وەک پێویست نییە.''
سەوسەن گەردی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی زۆر پێداگیری لەسەر باشترکردنی ڕەوشی داراییی کەسوکاری شەھیدان دەکات و دڵنیام لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی دارایی لە ئایندەیەکی نزیکدا پێداچوونەوە بە مووچە و شایستەی کەسوکاری شەھیداندا دەکرێت و زیاتر خزمەتیان دەکرێت.
وەڵام بدەوه