KurdistanPress...

CLOSE

کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری

حكوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک، وەزارەتی کارەبا بە شێوەی ئەزموونی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەیدی کارەبایە، کە لە بواری ئابوورییەوە بۆ هاووڵاتیان و حکوومەت سوودێکی زۆری دەبێت.

کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تاوەكوو ئێستا سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە شەش شوێن جێبەجێ کراوە، دوو شوێن لە هەولێر و دوو شوێن لە سلێمانی و دوو شوێن لە دهۆک".

لەو شوێنانەی کە سیستەمی پریپەید جێبەجێ کراوە، هاوبەشانی کارەبا پارەیەکی کەمتر بە کرێی کارەبا دەدەن و لە بری دوو کرێی کارەبا (ئەهلی و حکومی) تەنیا کرێی کارەبای 24 کاتژمێری نیشتمانی دەدەن، بە بێ ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر نرخی یەکەی کارەبای نیشتمانیدا هاتبێت.

سیستەمی پریپەید تا ئێستا لە بازاڕی لەنگە و سیتییەکی هەولێر و بازاڕی دهۆک و کۆمەڵگەی ئەڤرۆ ستی لە دهۆک و چوار ستی و عه‌لوەی سلێمانی جێبەجێ کراوە.

لە بازاڕی لەنگەی هەولێر 1500 هاوبەشی کارەبا، بە سیستەمی پریپەید کارەبایەکی 24کاتژمێریان هەیە و تێچوونەکەشی لە سەریان کەمتر بووەتەوە.

لە بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ ستی بە گشتی 9 هەزارو 300 هاوبەشی کارەبا، بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە و پارەیەکی کەمتریش بە بەراورد لەگەڵ بەر لە دانانی سیستەمەکە بە کرێی کارەبا دەدەن.

سیستەمی پریپەید لە رێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بریکاری وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و ئەکتیڤ کراون".

وەزارەتی كارەبا ئاشكراشی كردووە: "نرخی کارەبا بە سیستەمی پریپەید بە هەمان نرخی پێشووە، بەڵام کارەبایەکی 24کاتژمێری دابین دەکرێت. جیاوازییەکەی تەنیا ئەوەیە کە هاوبەشی کارەبا لە سەرەتادا کارتی یەکەی کارەبا دەکڕێت و بەهۆیەوە بە پێی پێداویستیی خۆی کارەبا بەکار دێنیت، کە ئەم شێوازە سێ سوودی گرنگی هەیە. یەکەم تێچوونی کرێی کارەبا لەسەر هاووڵاتی کەم دەکاتەوە و دووەم بارگرانیی سەر تۆڕەکانی کارەبا ناهێڵێت و سێیەم کێشەی کۆکردنەوەی داهات یان کرێی کارەبا چارەسەر دەکات، چونكه‌ بە پێی پێویست کارەبا بەکار دەهێنرێت و کارەبا بە فیڕۆ نادرێت و کرێی کارەباش لە کاتی خۆیدا دەدرێت و لەسەر هاووڵاتی کۆ نابێتەوە."

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند:''هەرزانترین نرخی کارەبا لە هەموو جیهاندا لە هەرێمی کوردستانە، لە قوناغی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێکی کارەبا بۆ ماڵان دوو سەنتە و لە سیستەمی پریپەیدا، دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە، تەنیا ئەوەیە کە سەری مانگ کرێی کارەبایەکی 24 کاتژمێری دەدات.''

لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، بۆ نموونە کاسبکارێک کە مانگێکی دیاریکراو 148 هەزار دیناری تەنیا داوەتە کرێی کارەبای ئەهلی، جگە لە کرێی کارەبای نیشتمانی، ئێستا ئەم کاسبکارە بەهۆی پریپەیدەوە مانگانە بەتەواوەتی تەنیا 32هەزار دینار دەداتە کارەبایەکی 24 کاتژمێری و بۆ هەموو شتێکیش دەتوانێت بەکاری بێنێت.

ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر رابگەیاند:''لە مانگی ئابی ئەمساڵ هەر ئەمپێرێکی کارەبای ئەهلی لە دەورووبەری بازاڕی لەنگە 19هەزار و 250 دینار بووە، هەر هاوبەشێکی کارەبا بە سێ ئەمپێری کارەباوە 57هەزار و 750 دیناری تەنیا بە کارەبای ئەهلی داوە، لە کاتێکدا ئەم بڕە لەناو بازاڕی لەنگە بۆ هەر هاوبەشێکی کارەبا سفر بووە و تەنیا کرێی کارەبای 24 کاتژمێری نیشتمانیی داوە. ''

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند: "لە قەیوان ستی و پاشا ستی، سیستەمی پێدانی کرێی کارەبای هەزار و 483 هاوبەش کراونەتە پریپەید، لە بەرزاییەکانی سلێمانی هەزار و 44 هاوبەش و لە بەرزاییەکانی قەیوان هەزار و 30هاوبەش و لە بازاڕی عەلوە 351 هاوبەش بە سیستەمی پریپەید مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و تاوەکوو ئێستا لە سلێمانی بە گشتی سێ هەزار و 908 هاوبەش بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبایەکی 24 کاتژمێریان هەیە".

بە هۆی سیستەمی پریپەیدەوە، کێشەی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لە نێوان وەزارەتی کارەبا و هاوبەشانی کارەبا چارەسەر دەکرێت و وەزارەتی کارەبا بودجەیەکی باشتری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی لەبەر دەستدا دەبێت، یەکێک لەوان پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە.

پێشترئەندازیارعەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەك لە وەزارەتی كارەبا، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "نرخی كارەبا، بە پێوەری زیرەك و سیستەمی كارەبای 24 كاتژمێری، هەمان نرخی جارانە و وەزارەتی كارەبا هیچ پلانێكی نییە نرخی كارەبا دەستكاریی بكات و بیگۆڕێت."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت: "نرخی کارەبا لەم سیستمە هەمان نرخی جارانە، بەڵام شێوازی پارەدانەكەی گۆڕاوە، پێشتر له‌كۆتایی مانگ پاره‌كه‌ دەدرا، به‌ڵام ئێستا لەسەرەتای مانگ پاره‌ دەدرێت و هەمان نرخ و هەمان ژمارەیە، بەڵام كارەباکە 24 كاتژمێرییە."

عەلی ئیسماعیل، گوتیشی: "جارێ دیار نییە كەی هەموو هەرێمی كوردستان دەكرێت بەو سیستەمە 24 كاتژمێرییەی كارەبا، بەڵام ئیشی لەسەر دەكەین، سیستەمەكە هاوشێوەی كارتی مۆبایلە، بایی چەند كارەبات بووێت ئەوەندە كارت دەكڕیت، بۆ بەكارهێنانەكەشی ئەوە دەوەستێتە سەر هاوبەشی كارەبا، بیەوێت زیادەڕۆیی تێدا بكات، یان بیەوێت دەستی پێوە بگرێت، لەو شوێنانەی ئێستا لەژێر تاقیكردنەوەدان، خەڵكەكە لە سیستەمەكە رازییە و كێشەیان نییە."

ئاشكراشی كرد: "چاوەڕوانی ئەوە دەكەین، ساڵی داهاتوو سیستەمی بوونە كارتی كارەبا لە تەواوی هەرێمی كوردستان بكەوێتە كار، سیستمی پریپەید بەشێكە لە پێوەری زیرەك و هەمان تایبەتمەندیی پێوەری زیرەكی هەیە و لەلایەن وەزارەتی كارەباوه‌ پەسەند كراوە."

ئەندامەكەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەك، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەم سیستەمە سەرەڕای باشترکردنی دۆخی کارەبا، بارگرانیی سەر فیدەرەکانی کارەبا بە رێژەی 400% کەم دەکاتەوە و کرێی کارەباکەش بە هەمان نرخی ئێستای کارەبایە و كارەبای ونبووش بەهۆی ئەو سیستەمەوە 300% دابەزیوە، واتا سەرپێچیی سەركارەبا كەمی كردووە."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه