پارتی دیموكراتی كوردستان، بە 76 ساڵ تەمەنەوە، بۆ كوردستانیان حزبی دایكە، حزبی شۆڕشە مەزنەكانە، حزبی دەستكەوتە گەوررەكانە، حزبی رووبەڕووبوونەوە و هەستانەوە لە شكستەكانە، میرات و كەلەپووری خەباتێكی زیاتر لە 120 ساڵی بەرخۆدانی شێخانی بارزانە، حزبی سەركردەیەكی كاریزمی و درەوشاوەی مێژوویی وەك مستەفا بارزانییە، حزبی سەركردەیەكی لێهاتووی وەك شەهید ئیدریس بارزانیە، حزبی رێبەرێكی كارا و كاریگەری وەك سەرۆك مەسعود بارزانیە، حزبی شەهیدانە، حزبی پێشمەرگەیە، حزبی براوەی هەموو هەڵبژاردنەكانە، پارێزەرێكی بەهێزی پێكەوەژیانە، حزبی ریفراندۆمە، حزبی دانوستانە چارەنووسسازەكانە، حزبی بەرپرسیارێتییە باڵاكانە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغ و سەردەمە زۆر گرنگە بڵێین: پارتی حزبی حوكمڕانییە.
پارتی، هەرگیز حزبی ناوچەیەكی دیاریكراو نەبووە، بۆیە نەك لە هەموو ناوچەكانی كوردستانی باشوور، بەڵكوو لە هەر چوار پارچەی كوردستانی مەزن، ئەندام و كادیر و هەوادار و لایەنگری هەیە، پارتی هەرگیز حزبی پێڕەوكارانی ئایین و ئایینزایەكی دیاریكراو نەبووە، بەڵكوو پێڕەوكارانی هەموو ئایین و ئایینزایەكی كوردستان زۆر بە ئاسانی لەنێو پارتییدا جێیان بووەتەوە، تەنانەت كۆمەڵێك سەركردە و كادیری پێشكەوتوو و ئەندامی غەیرە كوردیش لە (ئاشووری، توركمان، كلدان، سریان، ئەرمەن، عەرەب)یش لەنێو پارتییدا هەبوون و تا ئێستاش هەن، پارتی ئەندامی لە هەموو جۆرە ئاراستەیەكی فكریی تێدایە، خەڵكی موتەدیین و خەڵكی چەپ و خەڵكی عەلمانی و ئەنواع و ئەشكاڵ بیركردنەوە لەخۆ دەگرێت.
با دوور لە پەیڕەووپرۆگرامی جوان داڕێژراوی حزبەكان و بەڕاشكاوی بە پێوەری ئەدا قسە بكەین، ئەوەی لە ٣١ ساڵی دوای راپەڕیندا هەستی پێ كراوە ئەوەیە، لە سەرانسەری كوردستانی باشوور و تەنانەت لەسەر ئاستی عێراقیش، پارتی تاكە حزبە كە ئامانجی دیار و روونی هەیە، بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجەش ستراتیجی هەیە، بۆ ئەو ستراتیجەش پلانی هەیە، بۆ ئەو پلانەش هەنگاو دەنێت، مەرج نیە هەموو هەنگاوەكانی بێ لەمپەر و بێ هەڵە و كەموكوڕی هاویشتبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە پارتی تاكە حزبی كوردستانییە كە پرۆژەیەكی سیاسیی كوردستانییانەی هەیە.
بەداخەوە باقیی حزبەكانی تر، نابینم نە ئامانجێكی واقیعی و دیاری كوردستانییانەیان هەبێت، نە ستراتیجێك، نە پلانێكی داڕێژراو و نە هەنگاوێكی ماقووڵ و نە پرۆژەیەك بۆ ئایندەی كوردستان، نە بەرپرسیارێتییەكیشیان پێهەڵگیرێت، تەنانەت ئێستا دیمەنە گشتییەكە ئاوهای لێ هاتووە: پارتی پرۆژەیەكی هەیە و كاری بۆ دەكات، زۆربەی حزبەكانی تریش ئەنتی ئەو پرۆژەیەن و كار لەدژی پرۆژەكەی پارتی دەكەن، گەلێ جار لێرەو لەوێ خواستی نیشتمانییانەی هەندێ سەركردەی حزبەكانی تر لەگەڵ ئەو پرۆژەیەی پارتییدا یەك دەگرێتەوە و لە پارتی نزیك دەبنەوە، كەچی هەندێ لە میدیاكار و سیاسەتوانان، نەزانانە و بەدحاڵییانە بەو سەركردە و حزبانە دەڵێن: ”پاشكۆی پارتی!“ بێ ئاگا لەوەی كە خۆیان هیچ پرۆژەیەكیان نیە، تا حزبێكی تر خۆی لەنێو ئەو پرۆژەیەدا ببینێتەوە.
بە دڵنیاییەوە پارتی حزبێك نیە لە سەروو رەخنەوە، بەڵێ گەلێ جار رەخنە تەنانەت لەنێو ئەندامانی پارتییش هەمبەر بە حزبەكەیان و ئەدای حزبەكەیان هەیە و لە ئایندەشدا دەبێت، بەڵام پارتی تا ئێستا وەك حزبەكانی تر متمانەی خەڵكی كوردستانی لەدەست نەداوە، زۆرینەی خەڵكی كوردستان هاوئامانجی سەرۆك بارزانیین و خۆیان لەنێو پرۆژە مەزنەكەی پارتییدا دەبیننەوە. خۆزگە دەخوازم، رۆژێك رۆژنامەنووسێكی تەواو بێلایەن و ورد و رژد و بەئاگا، سەردانی یەكە یەكەی سەرۆك و سكرتێر و رێكخەری حزبە كوردییە خاوەن كورسییەكان بكات و لێیان بپرسێت: ”ئەرێ حزبەكەی تۆ دەیەوێ كوردستان بەرەو كوێ بەرێت و ئامانجی چییە؟ پرۆژە و ستراتیج و پلانی چیە بۆ ئەو ئامانجە؟“ سەدا سەد دڵنیام ئەگەر ئەو سەرۆك حزبانە درۆ لەگەڵ خۆیان و خەڵك نەكەن و بیانەوێ راستگۆیانە قسە بكەن، دەبێ بڵێن: ”ئێمە هیچ پرۆژەیەكمان نیە، بەڵام دژی پرۆژەكەی پارتیین.“
پارتی و هاوبیر و هاوسەنگەرەكانی، سەنگەری هەرە پێشەوەی بەرگریكردنن لە قەوارە و خاك و خەڵكی كوردستان و مافەكانیان، لە پێش ئەو سەنگەرەوە و لەدواشیەوە، هیچ سەنگەرێكی تر نیە. پارتی هێزی سەرەكیی بەرگریكردنە لە ئاڵای كوردستان، میدیای پارتی، بە تەنیا میدیای حزبێك و بەرگریكردن لە بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەو حزبە نیە وەك میدیاكانی تر، بەڵكوو میدیای پارتی ساڵانێكی زۆرە بەرپرسیارێتییەكەی زۆر فراوانترە، ئەوە تەنیا میدیای پارتییە بەرگری لە مێژوو و شۆڕش و زمان و فەرهەنگ و ئابووری و سەروەرییەكانی كورد و كوردستانیان و قەوارەی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانییەكەی دەكات، دەنا بەداخەوە میدیای بەشێك لە حزبەكانی تر، نەك ئەوە بە ئەركی خۆیان نازانن، بەڵكوو تا پێیان كرابێت، دژی ئەو بەها و دەستكەوتانەن.
لە حوكمڕانی و بەرپرسیارێتییەكاندا، لە تەنگژە و قەیرانەكاندا، پارتی تاكە حزبە شانی دابێتە بەری و دەرەقەت هاتبێت، دەنا ئەوانی تر، یان بە رۆژ حوكمڕانن و بە شەو ئۆپۆزسیۆن، یان خۆیان لە حكوومەتدان و بوونەتە گەورەترین تەگەرە بۆ كارەكانی حكوومەت، یان سەرەتا دەچنە حكوومەتەوە و پاشان پێش هەڵبژاردنەكەی تر لە حكوومەت دەكشێنەوە، یان ئۆپۆزسیۆنن و بەردەوام بانگەشەی رووخاندن و سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، یان بوونەتە داردەستێكی گڵاو و بەد، بە دەست دوژمنان و داگیركەرانی كوردستانەوە، یان لەوپەڕی بێهەڵویستیدان، یان لەوپەڕی بێهێزییدان، یان رۆڵی وێرانكارانە دەگێڕن و خواخوایانە ئەمڕۆ تا سبەی ئەم ئەزموونە لەناو بچێت.
بەڵام پارتی بەپێچەوانەوە، لە حكوومەتدا كارایە، چالاكە، لە ئاوەڕۆ و شەقام و باخچەكانی كوردستانەوە تا دەگاتە فڕۆكەخانە و كارگە و نەوت كەرتەكانی تر، دەیەوێ كار بكات و كوردستان پێش بخات، پارتی رۆڵی سەرەكی و گرنگی لە پاراستنی ئەمنییەتی كوردستاندا هەیە، پارتی هەم سەرۆكی هەرێم لە خۆیەتی و هەم سەرۆكی حكوومەت، پارتی ئێستا لەڕێی كابینەی نۆیەم و مەسرور بارزانیی سەرۆك وەزیرانەكەیەوە، جدییترین حزب و بەهەنگاوترین حزبە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پارتی بەڕاستی حزبی حوكمڕانییە و چاوی لە ئایندەیەكی گەشە بۆ كوردستان و هەنگاوی بۆ دەهاوێژێت.
كەواتە لە كۆنگرەی 14دا، كێ شیاوی ئەوەیە ببێتە ئەندامی سەركردایەتیی پارتی؟
ئێستا چاوی هەموان لەسەر كۆنگرەی پارتییە، بەدڵنیاییەوە بەشێكی زۆری ئەندامە بەڕێزەكانی كۆنگرەی چواردە، چاویان لەوەیە لە كۆنگرەدا متمانە بەدەست بێنن و ببنە ئەندامی سەركردایەتیی ئەم حزبە گەورەیە، بەڵام پارتی سەركردایەتییەكی دەوێ لەئاست گەورەیی مێژووەكەی و دەستكەوتەكان و لە هەمووشی گرنگتر پێگە و بەرپرسیارێتییە گەورەكەی پارتییدا بێت، سەركردایەتییەكی دەوێ لەئاست ئەم قۆناغ و سەردەمەی ئێستا و ئایندەی كوردستاندا بێت، سەركردایەتییەكی هەم ئەزموونداری دەوێ، هەمیش چەكدار بە بیر و هزر و زانست و رۆشنبیریی سەردەم. ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دەبێ قسەزان و رۆشنگەر بێت، سەركردایەتیی پارتی پێویستە، هەم پیاوی تێدا بێت هەم ئافرەت، هەم ئەندامی بەتەمەن و خاوەن ئەزموونی قووڵ و هەم گەنجی كارا و بەتوانا.
ئەم سەركردایەتییە گرنگە هەم كەسی سیاسی و هەم كەسی ئەكادیمی و هەم كەسی سەربازی و هەم كەسی ئەمنی و هەم كەسی جەماوەریی تێدا بێت، وێڕای ئەوەی سەركردایەتیی پارتی دەبێ رەنگدانەوەی مۆزائیكیی پێكهاتە سەرەكییەكانی خەڵكی كوردستانی تیا رەنگ بداتەوە، بە كوردی و بە كورتی، لەبەرئەوەی پارتی حزبی حوكمڕانییە، كەواتە حەوجەی بە ئەندامانێكە بۆ سەركردایەتییەكەی كە شارەزا و لێهاتوو و یارمەتیدەر و ئاسانكار بن، بۆ دروستكردنی باشترین حوكمڕانی بۆ كوردستان، چەندە ئەدای حكوومەت و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا گەشە بكات، پارتییش لەڕووی جەماوەرییەوە گەشە دەكات، بێگومان پێچەوانەكەشی راستە. من لێرەوە بە پارتی دەڵێم: حكوومەتی كارا و باش و خزمەتگوزارت هەبێت، هەموو خەڵكی كوردستان دەنگدەری پارتی دەبێت.
وەڵام بدەوه