دوای سەردانی شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ لای حزبەکان و نیشاندانی نیگەرانییەکانیان لە حکومەت، ئەمڕۆ شاندێکی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەحکومەتی ھەرێمی كوردستان، بەسەرۆکایەتی پشتیوان سادق ھەروەھا ئەندامییەتی ساسان عەونی، سەفین دزەیی و ئومێد سەباح، سەردانی حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.
ههروهها بڕیارە سبهی یەکشەممە (30ی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022)، شاندهكهی پارتی لهگەڵ ھەریەك لە مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە.
سەرچاوەیهکی باڵا لە شاندی پارتی بۆ كوردستان24 رایگهیاند، "لەکۆبوونەوەکاندا باس لەوەکراوە، نیگەرانییەکانی یەکێتی لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە تیرۆرکردنی (ھاوکار جاف) ئاشکراکراوە، کەئەمەش قابیلی قبوڵ نییە لە پایتەختی ھەرێمی كوردستان، ئەم جۆرە کارانە ئەنجامبدرێن، لهگهڵ ئهوهشدا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار نەکردووە بەڵکو تهنها داوای رادەستکردنی تۆمەتباران دەکات".
ھەروەھا لەکۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ شەممە (29ی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022)، شاندی وەزاری پارتی جەختیان كردووتهوه، ئەنجوومەنی وەزیران بەوپەڕی شەفافییهت زیاتر لە (80) کۆبوونەوەی لەم کابینەیەدا ئەنجامداوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆدەنگی بووە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەناو حکومەت و لەدەرەوەی حکومەتیشدا شەریک و خاوەن بڕیار بووە.
لهبارهی دۆسییهی داھاتی سلێمانی و مووچە، شاندی پارتی باسیان لەوەکردووە، سەرۆک وەزیران بەیەك چاو تەماشای ھەموو پارێزگاکان دەکات و جەخت لەوەدەکاتەوە، ھەرچی داھات ھەبێت پێویستە لەژێر چەتری حکومەتدا بێت و بێتەوە گەنجینەی حکومەت، ناکرێت لەھەندێك شوێن داھات و خەرجی حکومەت دیار نەبێت.
لەکۆتاییدا، شاندی وەزاری پارتی لە حکومەتی ههرێمی كوردستان دووپاتیانكردووهتهوه، لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیكه، سوورن لەسەر چارەسەری ھەموو گرفتێك لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیران لهسهر بنهمای سەروەری یاسا، پێکەوەیی و تەبایی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان.
وەڵام بدەوه