KurdistanPress...

CLOSE

مەسرور بارزانی، بەشداریی لە ڕێورەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز لە هەولێر کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ڕێورەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز لە هەولێر کرد و تێیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

• ئەم پاڵاوگەیە جگە لەوەی کە دەتوانێت خزمەتێکی زۆری خەڵکی کوردستان بکات لە ڕووی ئەو بەرهەمانەی کە لەم پاڵاوگەیەوە وەبەرهێنانیان بۆ دەکرێت، دیسان بووەتە شوێنێک بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار نەک تەنیا لەم ناوچەیە، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستانیش.

• دروستکردنی هەلی کار لە هەرێمی کوردستان، ئەمە یەکیک بووە لەو بەرنامانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانیی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی بووە بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان دروست ببێت.

• هەرێمی کوردستان خاوەن سامانیکی سروستیی زۆر و دەوڵەمەندە، بەداخەوە لە ڕژێمەکانی پێشووتر و لە ساڵانی ڕابردوو ئەم سامانە لەجیاتی ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی عێراق و کوردستاندا بەکار بێت، ڕژێمەکانی پێشووتر ئەم سامانەیان بەکار هێناوە بۆ کڕینی چەک و خۆپڕچەککردن، بەداخەوە چەوساندنەوەی خەڵک و هەڵگیرساندنی شەڕ و وێرانکاری.

• تا پێش ڕاپەڕینیش بەهیچ شێوەیەك نەمانتوانیوە سوود لە ئەو سامانە سرووشتییە كە خوا بە خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەخشیوە ببینین.

• سوپاس بۆ خوا، ساڵ دوای ساڵ، وەبەرهێنانی زیاتر لەم كەرتەدا كراوە و ئەم سامانە خراوەتە خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق بە شێوەیەكی گشتی. 

• پێشتر ئەگەر سامانی كوردستان بۆ خاپووركردن و وێرانكردنی گوندەكان بەكار هاتووە، ئێستا ئەم سامانە بۆ ئاوەدانیی كوردستان بەكار دێت. 

• ئێمە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووتری عێراق، نەمانتوانی وەكوو پێویست وەبەرهێنان لەم كەرتەدا بكەین، بەڵام دوای ئەوەی كە دەستوورێكمان بەیەکەوە نووسی، لەوێدا ئەرك و دەستەڵات و مافەكانی هەموو خەڵكی عێراق بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە دیاری كران، لەوێدا زۆر بە ڕوونی دیارە، كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت چۆن سوود لەو سامانە سروشتییە وەربگرێ و چۆن ئێمە بتوانین سوود لەو دەستوورە وەربگرین بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و هاوكاریش بین بۆ پێشخستنی ئابووریی هەموو عێراق. 

• ئێمە چاوەڕێی ئەوەبووین كە دوای پەسەندكردنی دەستوور، بەبێ جیاوازی ئەم دەستوورە جێبەجێ بكرێت و دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا و زۆرجار بینیمان كە هەندێك كەس بە حەز و ویست و ئارەزووی خۆیان، تەفسیری جیاوازیان بۆ دەستوور كرد.

• لە زۆر شوێنی عێراق، خەڵكی عێراق لە خزمەتگوزارییە هەرە سەرەتاییەكان بێبەشن، ئەمەش بەو مانایە نییە كە عێراق خاوەنی سامانێكی سروشتیی زۆر نییە، بەپێچەوانەوە سامانێكی زۆر لە عێراقدا هەیە بەڵام ئیدارەدانێكی خراپ هەبووە.

• ئەم پاڵاوگەیە بەپێی ستانداردێكی نێودەوڵەتی و جیهانی سوود لە تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتوو وەردەگرێت كە لە ڕووی ژینگەپارێزیشەوە ئەمەی لەبەرچاو گرتووە كە ئەمە شتێكی زۆر گرنگە و پێویستە هەرهەموومان لە كەرتی گشتی و لە كەرتی تایبەت، ڕەچاوی ژینگەپارێزی بكەین، چونكە بەپێچەوانەی ئەوە، هەم ژینگە و هەم تەندروستیی هاووڵاتییانیش دەخرێتە مەترسییەوە.

• لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕاستە گرنگییەكی زۆرمان بە كەرتی نەوت و غاز داوە، بەڵام ئەمە تەنیا كەرت نییە كە ئێمە بتوانین پشتی پێ ببەستین بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە سەرەتاوە ئێمە بەرنامەی ئەوەمان هەبووە كە ئابووریی خۆمان هەمەجۆر بكەین و لە زۆر كەرتی تریش گرنگی پێ بدەین.

•  پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی، پیشەسازی، گەشتوگوزاری، لەگەڵ گرنگیدان بە كەرتی پەروەردە، کەرتی خوێندن و تەندروستی هەمووی لە بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون. 

• ئەم جۆرە پرۆژانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ پێشخستنی ئەم كەرتانەی تریش لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان، لە فراوانتركردنی هەلی كار بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی بە تایبەتی لەم كەرتەدا پێویستە بۆ خەڵكی كوردستان.

• هیوادارم ئەم پاڵاوگەیە نموونەی زۆر بێت، لە كەرتەكانی تریش پرۆژەی ستراتیژیی وا دروست بكرێت، لە هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز بێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه