لێک تێنەگەیشتن
یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم، سەرباری جموجۆڵ و چالاکیەکانیەوە، نەگەیشتنی پەیامەکەیەتی بە شێوەیەکی کارا بە هاونیشتیمانیانەوە.
وێرای ئەنجام دانی دەیان پرۆژەو شەونخونی و ماندوو بوون و نواندنی چالاکی، کەچی واهەست دەکرێ پەیام و هەواڵی چالاکیەکان بە شێوەیەکی کارا بە جەماوەر ناگات و بۆشاییەکی گەورە لە رووبەری کایەی حکومی و تێگەیشتنی جەماوەردا هەیە.
وەک تێبینی دەکرێ، پشکی شێری ئەم کەموکورتیەش بۆ نەبوونی راگەیاندنێکی کاراو بەهێزو کارامە دەگەڕێتەوە، هەر لە ناکارامەیی بوونی وتەبێژێکی بە تواناو هەم تیمێکی راگەیاندکاری کارامەو بەهێزو تەیار بە زانستی هاوچەرخی راگەیاندن و ماس مێدیا بە گشت لقەکانیەوە.
لەو کۆمەڵگایانەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو سوود لە دەرفەت و ئامرازو هۆکارەکانی تێکنۆلۆجیاو راگەیاندن و گەیاندن وەرناگیرێ، بەردەوام
جۆرێک لە لێک تێنەگەیشتن و بەدحاڵیبوون لە نێوان جەماوەرو دەسەڵاتدا دێتە ئاراوە. لە بارودۆخێکی لەمجۆرەدا دەرفەتی چەواشەکردنی رای گشتی و بە لارێدابردن و ساردکردنەوەو ئاڵۆزکردنی بارودۆخی ناوەخۆ بۆ هێزە شاراوە هەلپەرەستەکان دێتە ئاراوەو کۆنترۆڵ کردن و گۆڕینی ئاراستە چەوتەکە کارێکئ ئاسان نیە.
وەڵام بدەوه