وەزارەتی كارەبا ئاشكرای كرد، سیستەمی پریپەیدی کارەبا بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دەبێت و سیستەمەكەش کاریگەری راستەوخۆی لە سەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە و دەشڵێت: ئەم سیستەمە نەبووەتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، چونکە هیچ بڕە پارهیەک لە كرێی كارهباوە زیاد نەکراوە و بە ههمان نرخی ئێستایە.
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە: "یەكێك له پڕۆژە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دانانی سیستەمی سمارت میتهرزی کارەبایە، كه پێوهری زیرهكی پێ دهڵێن و ئێستا ڕێژەی دانانی ئەم سیستەمە لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە 90% و بڕیار وایە له سهرجهم ههرێمی كوردستان جێبەجێ بکرێت."
وەزارەتەكە ئاشكرای كردووە، ئەم سیستەمە چەندین سوودی هەیە لەوانە: "سیستەمەکە چەند سوودێکی هەیە کە کاریگەری راستەوخۆیان لە سەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە، لە هەمان کاتدا کارەبا کەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت. سوودێکی دیکەی سیستەمەکە ئەوەیە؛ پسوولەی خوێندنەوەی کارەبا و زانیارییەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت، لەبری ئەوەی فەرمانبەرێک بچێت بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو،هەر بەهۆی ئەو سیستەمەوە سووتان و لهكاركهوتنی تهلی كارهبا به ڕێژەیهكی بەرچاو كهم دەبێتەوە، ئێستاش هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە سیستەمە بكرێتە پریپەید، واتە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بە شێوەی پێشوەختە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سیستەمی پریپەیدی کارەبا لە دوو شوێنی دهۆک جێبەجێکراوە و سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە، هاتووە: "لە سهنتهری بازاڕی دهۆك، 3 هەزار و 118 هابەشی کارەبا هەیە کە به ڕێژەی 80%ی سیستەمەکەی تێدا جێبەجێ کراوە، ئهو بازاڕە8 مێگاوات کارەبای پێویسته و دهتوانرێت بۆ ماوهی 24كاتژمێر كارهبای بۆ دابین بكرێت، واته هاووڵاتیی یان هاوبهش دهتوانێت كارتێك لە سەنتەرەکانی فرۆشتن کە هەر لە نێو بازاڕەکە دانراوە، بكڕێت و ئاگاداری بهكارهێنانی بڕی کارەباکەی و بڕی ماوەی بێت."
ئەم سیستەمە لە (ئهڤڕۆ سیتی)ـش لە دهۆک لەجێبەجێکردندایە کە 4 هەزار و586 هاوبهشی هەیە و نزیكهی 98%ـی كارهكانی دانانی سیستەمەکە جێبهجێ كراوە.
وەزارەتی كارەبا راشیگەیاندووە: "بەهۆی گەڕانەوەی کارەبایەکی زۆر و بەفێڕۆنەچوونی، لەهەمان کاتدا بەهۆی کەمی سووتان و بەردەوامیی کارەبا لەڕێگەی سیستەمەکەوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە، چونکە خۆیان دەبنەوە کۆنتڕۆڵکەری کارەباکەیان و لەمەودا بەپێی پێویستی خۆیان کارەبا دەکڕن و بەکاریدەهێنن و چیتر فەرمانبەری گەڕۆک ناچێتە نێو سنووری ماڵەکانیان و مەترسی و سووتانی کارەبا و وایەرە سەرەکییەکانیشیان کەم دەبێتەوە و لە هەمووشی گرنگتر پێویستیان بە مۆلیده نابێت ."
زیاتر هاتووە: "بوونی ئەم سیستەمە نەبووەتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، چونکە هیچ بڕە پارهیەک لە كرێی كارهباوە زیاد نەکراوە و بە ههمان نرخی ئێستایە.ئەنجامێکی باش و گشتگیرگردنی، ئەنجامی دانانی ئەو سیستەمە ئەرێنی و دڵخۆشکەر بووە هەم بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ خودی حکوومەت".
باسی ئەوەش كراوە، كە كارهكانی ئەو سیستەمە له پارێزگای دهۆك بهردهوامن و كۆمپانیای جێبەجێکار لە ژێر چاودێریی حکومەت، بەردەوامە لە ڕوونكردنەوە و هۆشیارکردنەوەی هاوبهشان لهبارهی چۆنیەتی بهكارهێنانی ئهو سیستەمه. بڕیاریش وایە لەدوای تەواوبوون و دانانی سیستەمەکە بە تەواوی لەو دوو شوێنەی پارێزگای دهۆك، لە شوێنی دیکە ههمان سیستەمی پریپهید جێبهجێ بكرێت.
هەفتەی رابردوو، ئەندازیارعەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەك لە وەزارەتی كارەبا، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "نرخی كارەبا، بە پێوەری زیرەك و سیستەمی كارەبای 24 كاتژمێری، هەمان نرخی جارانە و وەزارەتی كارەبا هیچ پلانێكی نییە نرخی كارەبا دەستكاریی بكات و بیگۆڕێت."
ئاماژەی بەوەش دا، لە چەند شوێنێك ئێستا لە رێگەی پێوەری زیرەك كارەبای 24 كاتژمێری دەدرێت، گوتیشی: "لە چەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی سیستەمی (پریپەید)ەوە، کارەبای 24 كاتژمێری بە هاووڵاتییان دەدرێت، لەوانە بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕی دهۆك، كە شوێنی بازرگانین، لەگەڵ هاوبەشی ماڵانیش لە ئەڤرۆ ستی لە دهۆك، كە كراوەتە سیستەمی پریپەید."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت: "نرخی کارەبا لەم سیستمە هەمان نرخی جارانە، بەڵام شێوازی پارەدانەكەی گۆڕاوە، پێشتر لهكۆتایی مانگ پارهكه دەدرا، بهڵام ئێستا لەسەرەتای مانگ پاره دەدرێت و هەمان نرخ و هەمان ژمارەیە، بەڵام كارەباکە 24 كاتژمێرییە."
لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 356 هاوبەشی کارەبا بە سیستەمی پریپەیدەوە بەستراون و چالاك کراون و كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە.
عەلی ئیسماعیل جەختی كردەوە، ئەو شوێنانە تاوەكوو دوو مانگی دیكە لەژێر تاقیكردنەوەدان و دواتر پلانی وەزارەتی كارەبا ئاشكرا دەبێت، چەند شوێنێكی دیكە دەكرێنە سیستەمی 24 كاتژمێری، گوتیشی: "جارێ دیار نییە كەی هەموو هەرێمی كوردستان دەكرێت بەو سیستەمە 24 كاتژمێرییەی كارەبا، بەڵام ئیشی لەسەر دەكەین، سیستەمەكە هاوشێوەی كارتی مۆبایلە، بایی چەند كارەبات بووێت ئەوەندە كارت دەكڕیت، بۆ بەكارهێنانەكەشی ئەوە دەوەستێتە سەر هاوبەشی كارەبا، بیەوێت زیادەڕۆیی تێدا بكات، یان بیەوێت دەستی پێوە بگرێت، لەو شوێنانەی ئێستا لەژێر تاقیكردنەوەدان، خەڵكەكە لە سیستەمەكە رازییە و كێشەیان نییە."
ئاشكراشی كرد: "چاوەڕوانی ئەوە دەكەین، ساڵی داهاتوو سیستەمی بوونە كارتی كارەبا لە تەواوی هەرێمی كوردستان بكەوێتە كار، سیستمی پریپەید بەشێكە لە پێوەری زیرەك و هەمان تایبەتمەندیی پێوەری زیرەكی هەیە و لەلایەن وەزارەتی كارەباوه پەسەند كراوە."
ئەندامەكەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەك، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەم سیستەمە سەرەڕای باشترکردنی دۆخی کارەبا، بارگرانیی سەر فیدەرەکانی کارەبا بە رێژەی 400% کەم دەکاتەوە و کرێی کارەباکەش بە هەمان نرخی ئێستای کارەبایە و كارەبای ونبووش بەهۆی ئەو سیستەمەوە 300% دابەزیوە، واتا سەرپێچیی سەركارەبا كەمی كردووە."
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 820 هەزار پێوەری زیرەك بەستراوە و پرۆسەكە بەرەو كۆتایی دەچێت.
وەڵام بدەوه