ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ناوشاری هەولێر کارەبایان بڕدراوە، یان قەرزیان لەسەرە ئاگادار دەکرێنەوە دەست بە مامەڵە بکەن.
بەرێوبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای 2ی هەولێر لە ئاگادارییەکدا بڵاوی کردەوە: "ئاگاداریەک بۆ ھاووڵاتیانی سنووری بەرێوبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای 2 ،ئەوانەی بە ھۆی قەرزی کارەباوە کارەبایان بڕدراوە یاخود قەرزی کارەبایان ھەیە رۆژی شەممە 2202/10/22، دەتوانن سەردانی بەشی فرۆشیاری ووزە/2 بکەن، مامەڵەکانیان رایی دەکرێت."
مانگی ڕابردوو بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، ڕاگەیاند: "ئێستا هەر هاووڵاتییەک قەرزی کارەبای هەبێت، ئەوا بۆی دەکرێتە 12 پشک و قیست."
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر هاووڵاتییەک 500 هەزاری کارەبا قەرزار بێت، ئەوە بەڕێوەبەرە پەیوەندیدارەکان دەتوانن قەرزەکە دابەشی سەر 12 پشک یان کەمتر بکەن و ئێستاش لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی کارەبا نەماوە."
بەختیار قاسم، ئاشکراشی کرد، بۆ ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، دەوام زیاد کراوە، گوتیشی: "دەوامی دوای نیوەڕۆیان تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە بۆ بەشی فرۆشتنی وزە، درێژ کراوەتەوە، لە دەوامەكەماندا تاوەکو کاتژمێر 2:30 هەموو مامەڵەیەک بەڕێ دەکرێت، بەڵام دوای ئەوە تاوەکو پێنجی ئێوارە تەنیا کرێی کارەبا وەردەگیرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان مامەڵەکانیان خێراتر ڕایی بکرێ و هەموو ئاسانکارییەکیشیان بۆ دەکەین."
بەپێی زانیارییەکان، لە هەولێر قەرزی هاوبەشانی کارەبا زیاتر لە 132 ملیار دینارە.
وەڵام بدەوه