داڕشتنی هەواڵ:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تێیدا دۆسێی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرد.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و سەردانی شاندی باڵای حكوومەتی فیدراڵ (بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ بۆ كاروباری وزە و وەزیرانی نەوت و كارەبا) بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووری و فیدراڵییە و پێویستە بودجەی گشتی لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری، هاوبەشیی ڕاستەقینە و بە ڕێژەی (14.14٪)ی دانیشتووان بەپێی دوا سەرژمێری گشتی ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنە. هەروەها شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە نادەستووریبوونی بڕگە پێشێلكەرەکانی ڕەشنووسەکە بخەنە ڕوو و لەگەڵ بەڵگەکاندا ئاراستەی لایەنە فیدراڵییەکان بکەن بۆ ڕاستکردنەوەیان.
حکوومەتی هەرێم جەختیشی کردەوە کە پابەندە بە ئەركە دەستوورییەکانییەوە و بە شەفافی زانیارییەکانی خستووەتە بەردەست، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژە یاسای بودجەی 2027 ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشە داراییەکان لە سەردەمی کابینەی نوێی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، و ئامادەش نییە دەستبەرداری ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتییانی خۆی ببێت.
#Kurdistanpress


وەڵام بدەوه