نزیکەی یەک مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، هەندێکجار هەناردە دەگاتە 270 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەمڕۆ هەینی، 24ی تشرینی یەکەمی 2025، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور راگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە، کە بەشێکی تورکیا کڕیویەتی و بەشەکەی دیکەشی بۆ بازاڕی ئەورووپا بووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی، "ئێستا رۆژانە 200 تاوەکو 250 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، هەندێک کاتیش دەگاتە 270 هەزار بەرمیل."
بەگوێرەی رێککەوتنێکی هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کاری پێدەکرێت، رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت. 230 هەزار لەو بڕە، هەناردە دەکرێت و 50 هەزاری دیکەی بۆ بەکاربردنی نێوخۆیی، بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
عامر خەلیل دڵنیایی دا لەوەی، "پڕۆسەی هەناردەکردن بەبێ کێشە بەردەوامە و هیچ گرفتێکی ئەوتۆ نەهاتووەتەپێش."
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە، نەوتی کەرکووک لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت، بەڵام عامر خەلیل گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ پلانێکمان نییە کە نەوتی کەرکووک لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان بکەین، چونکە بڕەکەی بەپێی پێویست نییە."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، لە دوای بڕیارێکی ئاداری 2023ی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس وەستا. دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، رۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.


وەڵام بدەوه