سەرەڕای رێگرییەكان، پارتی لە سنووری مووسڵ كەرنەڤاڵێكی گەورەی جەماوەری بەڕێوە برد، بەپێی ئامارەكانی ئەو حزبە، زیاتر لە چوار هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد، بەرپرسی لقی 14ش رایگەیاند، زۆرترین دەنگ دێنین.
لە سنووری مووسڵ میلیشیاكان زۆرترین فشاریان لەسەر ئەندام و كادرانی پارتی دروست كردووە تا هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە نەبەن، وەك لقی 14 رایان گەیاندووە، زۆرترین پۆستەر و وێنەی كاندید و ئاڵاكانیان لێ كراوەتەوە بەپلانێكی ورد، رێگری لە پارتی دەكرێت لە سنوورەكە.
لەوبارەیەوە خەسرۆ گۆران رایگەیاند، پارتی بەهۆی زۆر هۆكاری ترەوە دەبێتە حزبی یەكەمی مووسڵ، بەڵام بە مەرجی ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك بەڕێوەبچێت، هەرچەندە هێزەكانی تر دەستیان بەكڕینی دەنگ كردووە و وا دەردەكەوێت هەڵبژاردنێكی بێ خەوش نەبێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، لە شنگال میلیشیاكان بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن پارتی چالاكی فەرمی بكات، پارتی بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن، بۆیە هەرچییان پێ كراوە كردوویانە تا پارتی دەنگ نەهێنێت.
بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە پێیان وایە خەڵكی سنوورەكە بە شنگالیشەوە، دەزانن پارتی چی بۆ كردوون و لە رزگاركردنی سنوورەكەدا چ قوربانییەكی داوە و چۆن لە داعش و ئەوانی تریش پاراستوونی، بۆیە پێیان وایە خەڵك دەنگ بەپارتی دەدات.
لە هەڵبژاردنی پێشوو، پارتی لەو سنوورە دەنگی زۆری نەهێنا و حزبەكە چاوەڕێی دەكرد دوو هێندەی ئەو دەنگانە بێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 62 كاندیدی هەیە و چاوەڕێیە وەك یەكەمین حزبی مووسڵ زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت.
وەڵام بدەوه