ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی یهكهم، ئەسیر ئەلغەریری، وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری بڕینی بەشە خۆراک ئەوانە دەگرێتەوە کە مووچەیان زیاتر لە ملیۆن و نیوێک دینارە، جگه لهوانهی كه بارودۆخی تایبهتییان ههیه.
ئهسیر ئەلغەریری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاندووه: "بڕیاری بڕینی بەشە خۆراکی پەیوەستە بەوانەی مووچەیان زیاتر لە ملیۆن و نیوێک دیناری عێراقییە و پێویستە کلتووری پاڵپشتیی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بگۆڕێت، چونکە کارمەندێک لە شوێنێکی دیاریکراو مووچەکەی ملیۆن و نیوێک دینارە، لەکاتێکدا کەسێکی کاسب یان کەسێک هیچ مووچەیەکی نییە یان داهاتی لە 500 هەزار دینار تێناپەڕێت ، بهمهش ناتوانرێت لە وەرگرتنی پاڵپشتی خۆراكدا لەنێوانیاندا یەکسانی بکرێت."
ئاماژەی بەوەشدا: "پاڵپشتی ئاراستەکراو لە نەوەدەکانەوە سەپێنرا، کاتێک مووچەکان نزیک بوون لە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ مووچەکان دەگاتە ملیۆن و نیوێک و دوو ملیۆن دینار و رەنگە لەوەش زیاتر بێت و خاوەن ئەم مووچانە ناتوانن پاڵپشتیی خۆراك وەربگرن وەک ئەوەی خاوەن مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەریدەگرن."
وتیشی: "پێویستە دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی خۆراكدا هەبێت و ئاراستەکردنی راستەقینە بۆ شایستەکان بخرێتهڕوو.
ئاماژەی بەوەشداوه، "ئەم ههنگاوه مانەوەی پڕۆژەی کارتی خۆراکی ئهلیكترۆنیی مسۆگەر دەکات."
جەختی لەوەشکردەوە، لابردنی ئەوانەی شایستە نین، یارمەتیدەر دەبێت لە باشترکردنی ژمارە و کوالیتی ئەو کەلوپەلانەی کە بەپێی ستانداردی عێراقی و لە سەرچاوە جیهانییەکانەوە دابین دەکرێن.
وەڵام بدەوه