سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی زیاتر لە 112 ملیار دینار بۆ دروستکردنی گەورە پڕۆژەی ئاوی کۆیە. ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای کۆیە، ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 112 ملیار و 147 ملیۆن و 52 هەزار و 585 دینار بەشێوەی نەختینەی بۆ ڕاکێشانی هێڵی دووەمی ئاوی خواردنەوەی قەزای کۆیە.
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە؛ دوای تەواوبوونی دووسایدی ( هەولێر - كۆیە )، پێشبینی دەكرێت سەنتەری قەزای كۆیە زیاتر فراوان بێت و ئەو هێڵەی ئاویش كە ئێستا لە قەزاكەدا هەیە بەشی هەموو دانیشتووانەكەی ناکات و قەزاكە گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەی هەیە، بۆیە بڕیار لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دراوە، كە یەكێك دەبێت لەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانە دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت. دوای ڕەزامەندیی جەنابی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر خەرجکردنی گوژمەی پڕۆژەكە، لەم نزیكانە كار لەسەر قۆناغەكانی پرۆسەی دەستپێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و بە دیزانێكی سەردەمیانەی ئەوروپی و نوێترین تەکنەلۆجیا و كرێكاری خۆماڵی کاری بۆ دەکرێت.
وەڵام بدەوه