گوتەبێژی پارتی ئاشكرای دەكات، لەگەڵ یەكێتی لەسەر سەرجەم بنەماكان رێككەوتوون و ئومێد زۆرە لە نزیكترین كاتدا كابینەی نوێی حكوومەت پێكبهێنرێت.
مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی كە بەشداریی لە یادی دامەزراندنی حزبەكەی كرد، بەخێرایی لەسەر كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم قسەی بۆ راگەیاندنەكان كرد و گوتی، لەگەڵ یەكێتی لەسەر سەرجەم بنەماكانی كابینەی نوێ رێككەوتووین.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی، پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی باڵایان بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەت هەیە و بەردەوامە لە كۆبوونەوەكانی، ئەو لیژنە هاوبەشە لەسەر سەرجەم بنەماكان بۆ حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێ رێككەوتوون
باسی لەوەش كرد ئەوەی ماوە تەنیا وردەكاریی چۆنیەتیی دابەشكردنی پۆستەكانە، ئەویش دەبێت بەشێوەیەك بێت هەموو لایەكمان تێیدا بەشدار بین.
بەپێی بەیاننامەی كۆتا كۆبوونەوەی لیژنەكەی پارتی و یەكێتی، دەبێت مانگی ئەیلوول پەرلەمان كارا بكرێتەوە و كارە یاساییەكانی خۆی راپەڕێنێت.
بەیاننامەكەی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بەوە كردبوو، ئومێد هەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت.
وەڵام بدەوه