ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/4/2025، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی باکووری ئەفریقا و ھاتنی کەمێک شێ لە دەریای سوورەوە لەم ماوەیەدا کەشێکی گەرم لە ناوچەکانماندا دەستی پێکردووە لەگە: خۆڵبارین و بوونی ھەوری بەرز و کەمباران، کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی دەبێت لە رۆژانی داھاتوودا و لە رۆژی شەممەوە 26/4/2025، شێی زیاتر لە دەریای سوورەوە دەگاتە ناوچەکانمان و لەگەڵ بوونی بارستە ھەوایەکی ساردیش لە بەرگەھەوای سەرەوەدا لەسەر ناوچەکانی دەریای ناوەراست و تورکیا بەھۆیەوە ناسەقامگیریەکی لاواز لە بەرگەھەوای ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دروست دەبێت و لە نیوەرۆی رۆژی شەممەوە ئەگەری چالاکبوونی با و ھەورەبرووسکە و نمە باران لە ناوچە جیاجیاکاندا دەبێت و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی رێژەی باران و ھەورەبرووسکە زیاتر دەبێت بە تایبەت لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا."
ئاماژە بەوەش دراوە: "کاریگەری ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوھەوا تا رۆژی چوارشەممەی داھاتوو 30/4/2025، بەردەوامی دەبێت و ناوبەناو ھەورەبرووسکە و بارانی کەم بۆ مامناوەند لە شوێن و کاتی جیاوازدا چالاک دەبێت و لە ھەندێ شوێنیشدا تاوە بارانەکان باش دەبن بە تایبەت سنووری ناوچە شاخاوییەکان بە گشتیی و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سۆران."
روونیشی کردووەتەوە: "پلەکانی گەرماش بە درێژای ئەو ماوەیە گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نایەت تەنھا لەکاتی بارانبارین بەرێژەیەکی کەم نزمدەبنەوە و حاڵەتەکە بە گشتی لە بارستە ھەوایەکی گەرم و شێدار پێکھاتووە لە ئاستەکانی ڕووی زەویی و بەرگەھەوای نزمدا لەبەر ئەوە کەشەکە گەرم و شێدار دەبێت، لە ئاستەکانی بەرگەھەوای سەرەوەشدا بارستە ھەوایەکی سارد ھەیە کاتێک ھەوای گەرم و شێداری خوارەوەی بەرگەھەوا بەرزدەبێتەوە بۆ ھەوا ساردەکە چڕدەبێتەوە و ئەو ھەورە ناجێگیرانە دروست دەبێت کە ھەورەبرووسکەیان لێ دروست دەبێت."
وەڵام بدەوه