Kurdistan Press - سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب دەكات سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب دەكات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب كرد كە بەبۆنەی كردنەوەی حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی هەولێر سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان و پاڵپشتیكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و سەقامگیری هەبوو و هەروەها ستایشی كولتووری میواندۆستی و ڕۆحی یەكترقبووڵكردن و ڕێزگرتنی گەلی كوردستانیان كرد و وەك نموونەیەكی باڵا و جیاواز لە ناوچەكە وەسفیان كرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گەلی كوردستان لەدوای ڕاپەڕین، لێبوردە بوو و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەكانی نەبرد و لاپەڕەیەكی تازەی لە ژیانی سیاسیی خۆی كردەوە. سەرۆك بارزانی لە گوتەكانیدا پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو لایەك پابەندی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بن.

لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا لەبارەی كێشە جەوهەرییەكانی ناوچەكە و بارودۆخی سووریا ئامادەبوان كۆمەڵێك پرسیار و تێبینیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبوانی دایەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه