نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی رای گەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا تاوتوێی پێشخستنی پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتنیان كرد. گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش دەڵێت: باسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بە خێرایی و كۆتاهێنان بە میلیشیاكانیان كردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە، محەمەد شیاع سوودانی و ماركۆ رۆبیۆ، بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی میكانیزمی قووڵكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێشخستن و گەشەپێدانی كردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، رۆبیۆ گوتوویەتی، دەیانەوێت بەغدا رۆڵی زیاتر لە ئارامكردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت.
بەڵام گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سوودانیدا، داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە، بەخێرایی دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكەن و هەروەها مەرجی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمەریكا كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن لە بەرچاو بگرن.
تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، رۆژی سێشەم 25ی شوبات، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، باسیان لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئەمەریكا و عێراق، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، كەمكردنەوەی كاریگەریی گرووپە میلیشیا تێكدەرەكانی سەربە ئێرانیان لە عێراق و دۆخی سووریا كردووە.
لە راگەیەنراوەكەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت: وەزیری دەرەوە و سەرۆك وەزیرانی عێراق، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی عێراق لە رووی وزەوە سەربەخۆ بێت و بەزوویی دەست بكرێتەوە بە هەناردەكردنی نەوتـی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆڕیی توركیا – عێراق''.
لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە رێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەكانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كە لە هەرێمی كوردستان و عێراق كار دەكەن بگیرێت، ئەمەش بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی زیاتری ئەمەریكی لە عێراق.
بەپێی راگەیەنراوەكەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسیان لە دۆخی سووریا كردووە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە، گرنگە سووریا نەبێتە پەناگەیەكی ئارام بۆ تیرۆر و ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێكانی''.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەیان بەوە داوە، پابەندن بە درێژەدان بەو گفتوگۆیانە لەبارەی پرسەكانی ناوچەكە و هەروەها بەرەوپێشبردنی هاوبەشی تەناهیی نێوان عێراق و ئەمەریكا.


وەڵام بدەوه