سەرباز بەرزنجی، كە پارێزگاری شارۆكەی لامبێسە لە بەریتانیا و كوردێكی باشووری كوردستان و لەدایكبووی حاجیاوەیە، لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆیدا لە فەیسبووك، چەند بەڵگەنامەیەكی بڵاو كردووەتەوە كە دەرخەری ئەوەیە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر كوردەكان داوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییان كردووە.
ئەمشەو چوارشەم 19ی شوباتی 2025، سەرباز بەرزنجی پارێزگاری شارۆكەی لامبس بڵاوی كردووەتەوە، بەڵگەنامەیەکی دەگمەن لە قوڵایی مێژوودا دەری دەخات، زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر کوردەکان داوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییان کردووە.
بەرزنجی روونی كردووەتەوە، تۆمارێکی مێژوویی گرنگ و پڕ بایەخی زیاتر لە سەتەیەک لەمەوبەر، کە چەند بەڵگەنامەیەکی مێژوویی پشان دەدات، ئەم بەڵگەنامە مێژووییە کۆمەڵێک داواکارییە کە لەلایەن کۆمەڵێک سەرکردە و ئەشرافی کورد، لە نێویاندا باپیرمان مەلا شێخ ئیسماعیل شێخ محەمەد بەرزنجی، واژوو کراوە و نێردراوە بۆ حکوومەتی بەریتانیا.
لە نامەکەدا، ئەم سەرکردانە داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دەکەن لەژێر پاراستنی بەریتانیادا. ئەم بەڵگەنامانە تۆمارە کۆڵۆنیاڵییەکانی بەریتانیان لە ساڵی 1920 کە لەلایەن کۆمیسیاری مەدەنی بەغداوە بۆ لەندەن نێردراون لەبارەى خواستە سیاسییەکانی کورد دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی.
بەڵگەنامەکان:
بەڵگەنامەی یەکەم (تەلەگرافێک لە کۆمیسیاری مەدەنی، بەغدا، بۆ وەزیری کاروباری هیندستان، لەندەن، ڕێکەوتى سێی تەمووزی 1920)
* ئەم تەلەگرافە باسی داواکارییەک دەکات کە 62 سەرکردەی کورد لە هەولێر، سلێمانی و هەندێک لە موسڵ واژوویان کردووە، داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەکەن لەژێر پاراستنی بەریتانیادا.
* ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە کە ئەم دەوڵەتە کوردییە پێوەندیی سیاسیی لەگەڵ میزۆپۆتامیا هەبێت، بەڵام چاوەڕوانی مامەڵەی یەکسان و باجی دادپەروەرانە دەکەن.
* تەلەگرافەکە دووپات دەکاتەوە کە داواکارییەکە بەبێ داواکردن بووە، واتە لەلایەن ئەفسەرە سیاسییەکانی بەریتانیاوە کاریگەری لەسەر نەکراوە.
بەڵگەنامەی دووەم (وەرگێڕانی بەڵگەنامەیەکی فارسی بێ رێكەوت، وەرگیراوە لە یەكی تەمووزی 1920)
* ئەم بەڵگەنامەیە ڕاستەوخۆ دەربڕینێکە لە نوێنەرانی سەرکردە و کەسایەتییەکانی هۆزە کوردەکانەوە کە ددان بە بەڵێنەکانی بەریتانیا دەنێن بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵات لە زوڵمی تورکی.
* داوای پاراستن و یارمەتی بەریتانیا دەکەن بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ، لەگەڵ پاراستنی پێوەندی لەگەڵ عێراق بۆ بەرژەوەندی ئابووری و ستراتیجی.
* داوا لە پارێزگاری بەغدا دەکەن نوێنەرێکی تایبەت بۆ کاروباری کوردستان (هاوشێوەی کونسوڵگە) دابنێت لەژێر چاودێریی بەریتانیادا.
* واژووكەران بەڵێن دەدەن سیاسەتەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی بەریتانیادا بگونجێنن، لە بەرانبەر پشتگیریی بەریتانیا بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی کورد لە کۆنفرانسی گشتیی ئاشتیدا.
بەڵگەنامەی سێیەم: واژووکارانی بەڵگەنامەکە
جگە لە مەلا شێخ ئیسماعیل شێخ محەمەد بەرزنجیی باپیرمان کە زانایەکی ئایینی و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی گەورە بووە، چەندان سەرکردە و سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتی دیار و سەنگینی کورد ئەم داواکارییەیان واژوو کردووە، لەوانە:
- چەند سەرۆک هۆز و شێخ و کەسایەتیی ناوچەی سلێمانی و بیتوێن و پشدەر و دەڤەری مەرگە.
- چەند کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە هەولێر و کۆیە و دەوروبەری.
- کۆمەڵێک سەرکردە و کەسایەتی و سەرۆک هۆزی دهۆک و مووسڵ و بارزان.
- کەسایەتی و پیاوماقوڵ و سەرۆک هۆزەکانی گەرمیان و کفری و دەوروبەری.
بەڵگەنامەی چوارەم: هاوپێچی نامەکان و واژووەكان بۆ حکوومەتی بەریتانیا لە لەندەن، هەروەها نوێنەرایەتی سیاسی و وەزیری دەرەوە و ئەفسەرانی سیاسیی بەریتانیا لە ناوچەکە و هیندستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست.
بەڵگەنامەی پێنجەم: کۆپیی نامەکان کە لە رۆژی شەشی تەمووزی 1920 گەیشتووەتە دەستی ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوە - کاروباری هیندستان، لەوێشەوە ئاراستەی لەندەن کراوە.
کۆمەڵێک بەڵگەنامەی تری گرنگی مێژوویی، کە دەکرێ لە داهاتوودا کاریان لەسەر بکەین و بیکەینە یاریدەدەرێک لە هەنگاوەکانی ئایندەمان.
لە درێژەی نووسینەكەیدا، سەرباز بەرزنجی ئاماژەی داوە، لە رووی سیاسییەوە ئەم بەڵگەنامانە لە پاڵ زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی تر نیشاندەری هەوڵە بەردەوامەکانی کوردە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و زۆر پێشتریش، لەو پێناوەشدا بەردەوام هەوڵی دیپلۆماسی و سیاسی داوە و تا ئەمڕۆش لەو هەوڵانە بەردەوامە.
سەرباز بەرزنجى زیاتر نووسیوویەتی، ئەم داوایانەش نیشانەی بەئاگایی و زیندوویەتی باب و پیرانمانە لە کاتێک کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە کێشرایەوە.
ئەم بەڵگەنامانە پیشانی دەدەن کە چۆن سەرکردە کوردەکان لە 1920 و زۆر پێشتریش، بە چالاکی داوای خۆبەڕێوەبردنیان کردووە، کە ئەمەش ئەو بانگەشانە ڕەت دەکاتەوە کە ناسیۆنالیزمی کوردی دیاردەیەکی نوێیە.
هاوکات بیری جیهان دەخاتەوە کە پرسی کورد چارەسەر نەکراوە و مێژوو نابێت دووبارە ببێتەوە.
لە کۆتاییدا بەرزنجی نووسیوویەتی:
گرنگە بزانین کە تا ئەمڕۆ، پرسی کورد هێشتا کێشەیەکی سەرەکییە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تێیدا هێزە کوردییەکان ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان لە ململانێ ناوچەیی و هەرێمایەتییەکاندا هەبووە، دەبێت رێز لەو رۆڵە ئەرێنییانەی کورد و خەبات و قوربانیدانەکەی بگیرێت


وەڵام بدەوه