بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای دەکات، ڕەزامەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ 73 هەزار کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێدانی زەوی دەرچووە.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگەیاند: "ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە 64 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە شارەوانی."
ئاشکراشی کرد: "ئەو 64 هەزار ناوە پۆلیس و زێرەڤانی و فەرمانبەرانی ناوخۆ دەگرێتەوە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی ئەوەشی ڕاگەیاند: "هەروەها ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لیستی ناوی 9 هەزار پێشمەرگە گەڕاوەتەوە وەزارەت."
هەر فەرمانبەرێك، كە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.
سەربەست مەولوود، جەختی کردەوە، ناوی کارمەندانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە وەزارەتی شارەوانی دەدرێتە شارەوانییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ تەرخانکردنی زەوی، گوتیشی: "بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، لیستەکان بۆ شارەوانییەكان ڕەوانە دەكەین، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بكرێت."
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.
ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
وەڵام بدەوه