شەپۆلێکی بەفروباران سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت.
ئەمشەو یەکشەممە 22/12/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "بەپێی لێکدانەوە و پێشبینییە سەرەتاییەکانی دەزگا کەشناسی ئەمریکی، ئەورووپی، ئەڵمانی، کەنەدی و بەریتانی هەرهەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لە نێوان 27/12/2024 بۆ 29/12/2024 لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپەستانی ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و هاتنی بڕێک شێی دیاریکراو لە دەریای سوورەوە بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند بۆ بەهێز سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کەشێکی تەواو زستانی دروست دەبێت و پێشبینی بارانبارینی زۆرباش دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان."
ئاماژەشی بەوە داوە: "کاریگەریی شەپۆلەکە لە رۆژی 28/12/2024 زیاتر دەبێت، واتا چەقی شەپۆلەکە رۆژی هەینی لەسەر شەممەی داهاتوو دەبێت، هاوکات لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری کە سەرچاوەکەی ناوچەکانی سیبیریایە لە ڕووسیاوە دێت لە ڕۆژهەڵاتی ئەووروپا و تورکیاوە دەگاتە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، ڕاپەڕین، سۆران و هەڵەبجە کە پێشبینی بەفربارینی باش لەناوچە شاخاوییەکان دەکرێت."
روونیشی کردووەتەوە: "پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، شەپۆلەکە جێگیر نییە بە تەواوی و گۆرانکارییەکان بەردەوامە."
وەڵام بدەوه