Kurdistan Press - لە ئەمریکاوە هەواڵی نوێ هەیە بو کوردانی ڕۆژ ئاوا لە ئەمریکاوە هەواڵی نوێ هەیە بو کوردانی ڕۆژ ئاوا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لە ئەمریکاوە هەواڵی نوێ هەیە بو کوردانی ڕۆژ ئاوا

بەرپرسێكی باڵا لە ئیدارەی جۆ بایدن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، "ئیدارەی بایدن لە پێوەندی و گفتوگۆدایە لەگەڵ تەحریر شام و هەموو گرووپەكانی سووریا، ئەمەریكا هەموو كارێك دەكات بۆ یارمەتیدانی خەڵكی سووریا و بەتایبەت كوردەكان، لەمبارەیەشەوە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پێوەندیی بە وەزیری بە بەرگریی توركیاوە كرد.


یارید سزیبا پەیامنێری ئەلمۆنیتەر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ناوەڕۆكی گفتوگۆی بەرپرسە ئەمەریكییەكەی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، لەبارەی چەكی كیمیایی رژێمی ئەسەد بەرپرسەكە گوتوویەتی: "ئەمەریكا و هاوبەشەكانی لە ناوچەكە، دەزانن رژێمی ئەسەد پاشماوەی چەكی كیمیایی هەیە، بەڵام پلانیان نییە بۆ ناردنی.


بەرپرسە باڵاكەی ئیدارەی بایدن لەسەر پێوەندیی ئەمەریكا و رۆژئاوای كوردستان گوتوویەتی: "ئەمەریكا بە فشاری دیپلۆماسی رێگە لە هێرشی چەكدارانی سەربە توركیا دەگرێت بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە.


بەرپرسە ئەمەریكییەكە زیاتری بە رۆژنامەنووسانی گوت: "كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ لە قازانجی هیچ لایەنێكدا نییە، ئەمەریكا كار دەكات بۆ رێگریكردن لەوە.


وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) رای گەیاند، لۆید ئۆستن و یاشار گولەر وەزیرانی بەرگریی ئەمەریكا و توركیا، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا دۆخی سووریایان تاوتوێ كرد.
 
راگەیەنراوی پێنتاگۆن كە ئێوارەی یەكشەم بە كاتی ئەمەریكا بڵاو كراوەتەوە و دەڵێت "وەزیر ئۆستن دووپاتی كردەوە لەوەی ئەمەریكا لە نزیكەوە چاودێریی قسە و كرداری گرووپە جیاجیاكانی ئۆپۆزسیۆن لە سووریا دەكات".
 
پێوەندییە تەلەفۆنییەكە لە كاتێكدایە ئەو گرووپە چەكدارانەی توركیا پشتیوانییان لێ دەكات، دەستیان بە هێرشكردنە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە منبج و دێرەزۆر كردووە، كە هاوبەشی سەرەكیی ئەمەریكان لە شەڕی دژی داعش لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان. 
 
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەكات، رۆژی یەكشەم لە پێكدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەكدارە دژبەرەكاندا لە منبج، 17 شەڕڤان و نۆ چەكدار كوژراون. 
 
لە راگەیەنراوەكەی پێنتاگۆندا هاتووە، وەزیرانی بەرگریی ئەمەریكا و توركیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "دەبێت گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن كار بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل بكەن، لەناویاندا كەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكان، هەروەها پابەند بن بە بنەما نێودەوڵەتییە مرۆییەكان."
 
پێنتاگۆن دەشڵێت، "وەزیر ئۆستن و وەزیر گولەر هەردووكیان دووپاتیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نزیك لە نێوان ئەمەریكا و توركیادا كردەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە گرژیی زیاتری دۆخە شڵەقاوەكە بكەن، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەك لەسەر هێزەكانی ئەمەریكا و هاوبەشەكانی و شەڕی دژی داعش دوور بخەنەوە."
 
ئەمەریكا نزیكەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان هەیە. زۆربەیان لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە جێگیر كراون و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی كە زیاتر لە 80 وڵات تێیدا ئەندامن، شەڕ لە دژی سەرهەڵدانەوەی داعش دەكات.
لینزی گرام ئەندامی كۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا داوا دەكات وڵاتەكەی رێگە بە توركیا و گرووپە چەكدارەكانی نزیكی نەدات هێرش بكەنە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە).


لینزی گرام لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس "پێزانین"ـی خۆی بۆ هێرشەكانی رۆژی یەكشەمەی ئەمەریكا بۆ سەر پێگەكانی داعش لە سووریا رادەگەیێنێت، بەڵام دەڵێت "ئەوە بەس نییە. پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی 50 هەزار بەندكراوی داعش لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە بەندكراون. ئازادناكرێن."
 


گرام دەڵێت "نابێت رێگە بدەین توركیا یان ئەو گرووپە ئیسلامییە تووندڕۆیانەی سووریایان كۆنترۆڵكردووە، هەڕەشە لە هێزە كوردییەكان بكەن كە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ دا لە تێكشكاندنی داعش یارمەتیی ئێمەیان داوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه