لەبارەی مووچەوە وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بابەتی مووچە بۆ برسیكردنی گەلی كوردستانە و بەغدا بیانووی ئیداریی نەماوە، بۆیە دەڵێن بەشی كوردستان هەر ئەوەندەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی كانوونی یەكەم، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕای گەیاند، "بابەتی مووچە هیچ بیانوویەكی ئیداری و دارایی تێدا نەماوە و هەموو كێشەكان چارەسەر كراون، بۆیە بەغدا ئێستە قسەكەی گۆڕیوە و دەڵێن، بەشی هەرێمی كوردستان هەر ئەوەندەیە و پارەی تر نادەین، لە كاتێكدا مووچە لە هیچ كوێ و هیچ كاتێك ئاوا نەبووە و دەبێت مانگانە بدرێ.
وەزیری ناوخۆ دووپاتیشی كردەوە كە ئیتر خەڵك و ئێمەیش بێزار بووین لەم هەڵسوكەوتانە، هیوادارین بە زووترین كات مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت و ئەم برسیكردنەی گەلی كوردستان هەر كەسی لە پشت بێت هەڵە دەكات، چونكە حكوومەتی هەرێم هەرچی لەسەر بووە كردوویەتی و ئەوەی بەغدایش دەیڵێ ڕاست نییە، چونكە بیانووەكانیان بنبڕ كراوە، بۆیە قسەی خۆیان گۆڕی و دەڵێن پارە هەر ئەوەندەیە بۆ هەرێم.
روونی كردەوە، حكوومەتی هەرێم لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی مووچە لەگەڵ بەغدا، هەروەها بیانووەكانی بەغدا بۆ نەناردنی مووچە پەسند نین.
وەڵام بدەوه