وەزارەتی شارەوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی 10 هەزار زەوی لە سلێمانی دەكات، وەك قۆناغی یەكەمیش سێ فەرمانگە ئاگادار كراونەتەوە كە لیستی فەرمانبەرانیان ئامادە بكەن.
لە درێژەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستاندا، سێ فەرمانگەی سلێمانی كە بریتین لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی سلێمانی، ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و داوایان لێ كراوە لیستی كارمەندانیان ئامادە بكەن.
تەلار نەجات بەڕێوەبەری لیژنەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی راگەیاند، لە قۆناغی یەكەمدا، لە دوای شارەوانیی سلێمانی، فەرمانی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی سلێمانی گەڕاوەتەوە و نووسراویان بە فەرمی ئاراستەی ئەو شوێنانە كردووە، بۆ ئەوەی ناوی فەرمانبەرەكانیان بنێرن.
بەڕێوەبەری لیژنەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی گوتیشی، پێویستە ئەوانەی ناویان بەرز دەكرێتەوە لە فەرمانگەكانیان، بەگوێرەی مەرج و رێنوێنییەكانی وەزارەتی شارەوانی، لە رێگەی فەرمانگە پێوەندیدارەكانی تاپۆوە بسەلمێنرێت كە سوودمەند نەبوون.
بەپێی زانیارییەكان، 10 هەزار پارچە زەوی لە سلێمانی دەدرێت بەفەرمانبەران و ئامادەكاریی ئەو 10 هەزار پارچە زەوییە تەواو بووە و بەمزووانە دابەش دەكرێن.
بەپێی بڕیاری حكوومەتی هەرێم، هەر شارەوانییەكیش زەویی ئامادەی نەبێت، یان سنووری شارەوانییەكەی فراوان دەكرێت و زەویی كشتوكاڵی بۆ دەكوژێنرێتەوە، یان لە سنووری نزیكترین شارەوانی لێیەوە زەویی بۆ دابین دەكرێت.
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی كە سوودمەند نەبوون بەپێی یاسا و رێنوێنییەكان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە راسپارد.
وەڵام بدەوه