زانكۆی (ئەمریكی - كوردستان) تاكە دامەزراوەیە لە تێكڕای عێراق كە لە قۆناغی پاڵێوراوبووندایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو متمانە ئەكادیمییە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی 10یەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان (دهۆک) گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: زانكۆی (ئەمریكی - كوردستان) تاكە دامەزراوەیە لە تێكڕای عێراق كە لە قۆناغی پاڵێوراوبووندایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو متمانە ئەكادیمییە.
گوتیشی: "كە لێرە لەبەردەمتان وەستاوم، ئەو كاتەی خۆمم بیر دەكەوێتەوە كە قوتابی بووم، قوتابییەكی زۆر ڕژد و تامەزرۆی خوێندن بووم، هەمیشە هەوڵم دەدا كە دەرفەتەكان بە باشترین شێوە بقۆزمەوە. من بەختەوەر بووم كە دەرفەتی خوێندنم لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتن بۆ رەخسا. بەڵام ئەو كاتەی دەستم بە خوێندن كرد لە زانكۆی ئەمریكی، بیرم لەو قوتابییە ناوازە و بەهرەدارانەی گەلەكەم دەكردەوە كە لە پەروەردەیەكی سیستەمی جیهانی بێبەشبوون بۆ ئەوەی سوودمەند ببن، بەبێ ئەوەی وڵاتەكەی خۆیان جێبهێڵن، ئەمە لەو كاتەدا لە دیدگایەكی گەورە دەچوو، بەڵام دەستم پێوە گرت و دەستبەرداری نەبووم. دوای 30 ساڵ هەست بە خۆشحاڵی دەكەم كە دەبینم ئەو خەونە لە شێوەی زانكۆی ئەمریكیی كوردستان خۆی دەبینێتەوە كە بە سوودوەرگرتن لە نموونەی پەروەردە و خوێندنێكی ئەمریكی دامەزراوە و كراوەتەوە. زانكۆیەكە بە ئامانجی هێنانی باشترین كردارە ئەكادیمییەكان بۆ وڵاتەكەمان داڕێژراوە."
سەرۆکی حکوومەت راشی گەیاند: "لە ساڵی 2018 دەستمان بە ئەنجامدانی بەدەستهێنانی متمانەپێكردنی ئاستی خوێندنی باڵای ئەمریكی كرد، توانیمان كە سەرەڕای ئاستەنگەكان، دەستەی خوێندنی باڵای (نیوبڵند) بۆ خوێندنی باڵا باوەڕ پێبهێنین تا بێنە كوردستان و دەست بە پرۆسەی متمانەپێكردنی ئەكادیمی بكەن. ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەیڵێم كە زانكۆی ئەمریكیی كوردستان تاكە دامەزراوەیە لە تێكڕای عێراق كە لە قۆناغی پاڵێوراوبووندایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو متمانە ئەكادیمییە. واتە نمرە و متمانەپێكردنە ئەكادیمییەكان لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی ئەمریكاوە دان پێدانراون و قوتابیان دەتوانن نمرە و دەستكەوتە زانستییەكانیان بگوازنەوە هەر دامەزراوەیەكی تری جیهان."
ئاماژەشی بەوە دا: "زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئابوورییەکەمان دەگێڕێت، ئەوەش لە ڕێگەی ئامادەکردنی هێزی کار و بازاڕی کار کە توانستی هاوتابوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوچەرخەکانیان هەبێت. ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان بۆ پەرەدان نەک بە سیستەمی پەروەردەکەمان، بەڵکوو بەرەوپێشبردنی ژینگەی ئابووری نەتەوەکەمان."
وەڵام بدەوه