بڕیارە سبەی لایەنە سیاسییەكانی كورد لە كەركووك، كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن و بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتییە لە باسكردنی سەرژمێری لە شارەكە.
ئەمڕۆ سێشەم 12ـی تشرینی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "کوردستان پریس" سبەی لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونەوەی كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان، لەبارەی پرسی 'سەرژمێری' بەڕێوە دەچێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، دوای كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی، بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی پیشكەش دەكرێت و هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن.
لەم كۆبوونەوەیەدا هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان بەشێوەیەكی گشتیی دەخرێتەڕوو، كە ئەمە یەكەمجارە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەسەر پرسێكی نەتەوەیی و گرنگ پێكەوە كۆ دەبنەوە و هاوهەڵوێست دەبن.
عێراق بڕیاری داوە لە ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە سەرجەم پارێزگاكانی بەڕێوە ببات كە هاوكات بۆ ماوەی دوو ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت و پرۆسەكە كۆتایی پێ دێت.
وەڵام بدەوه