شاندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەوە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ ناکرێت.
وێنە گەورەکە: دوێنێ یەکشەممە شاندێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق کە پێکهاتووە لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عیسمەت ئەرگوشی، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەر دەزگای ئاسایشی هەرێم سەردانی ئێرانیان کرد.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند: شاندەکە لە تاران لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی میللی ئێران کۆبووەوە. دوێنێش لەگەڵ وەزیری دەرەوە کۆبوونەوە.
بەگوتەی نازم دەباغ، کۆبوونەکان پەیوەندییان بەو ڕێککەوتنانەوە هەیە کە پێشتر لەنێوان هەردوو وڵات کراون، دەیانەوێت بزانن تا چ ئاستێک جێبەجێکراون و چیتر پێویستە بکرێت، واتە ڕێککەوتنی نوێ لەئارادا نییە.
زیاتر لە ساڵێکە عێراق و ئێران ڕێککەوتنی ئەمنییان بۆ پاراستنی سنوورەکان واژۆ کردووە، هەرێمی کوردستان بە کردار بە ڕێککەوتنەکە پابەند بووە، لەو چوارچێوەیەشدا بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکان دوورخراونەتەوە.
وەڵام بدەوه