چاودێرێكی سیاسی لەبارەی هۆكاری نیگەرانبوونی لایەنە دۆڕاوەكان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن زانیاری ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت كە دیزاینی هەڵبژاردنەكە بە باڵای ئەوان دوورابوو و پیلان دانرابوو كە هەر یەكەیان چەند كورسییەكیان پێ بدرێ، بەڵام دەنگدەرانی پارتی ئەم پیلانەیان پووچەڵ كردەوە.
نیاز حاجی، چالاكی سیاسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”گوێ لەو تەئویل و تەحلیلە سەقەتانەی دۆڕاوەکان مەگرن، ئاخر ئەو تەئویل و تەحلیلە سەقەتانەی ئێستایان پێچەوانەی قسەکانی هەفتەیەک پێش ئێستایانە. ئینجا هەندێکیان ئیستا فێری دەستەواژەی دیزاین بوونە لە کاتێکدا پارتی بەر لە ساڵێک باسی پیلانی ساخەکردن و دیزانی پێشوەختەی دەکرد، هەر ئەوکات تەو تەحلیلچییانەی ئێستا دەیانگوت پارتی لە هەڵبژاردن دەترسێ، دەیانگوت پارتی رێی تەزویری لێ گیراوە و نایەوێ هەڵبژاردن بکرێ، دەیانگوت کۆمسیۆنی بەغدا دەیکا.“
ڕوونیشی كردووەتەوە كە هێزە دژە پارتییەكان چوونە نێو هەڵبژاردنێك کە یاسا و بازنە و کۆمسیۆنەکەی و هەروەها تەکنیکی دەنگدان و دەنگژماردن بە جۆرێک بوو كە پڕ بە باڵای خۆیان دوورابوو، ”ئەوان بە جۆرێک مەست ببوون كە ئاگایان لە دروشم و هەڵسوکەوتەکانی ناو بانگەشەکانی خۆشیان نەمابوو، چاوەڕێی 21ی مانگ بوون تاکوو زرمەی دۆڕانی پارتی لە چین ببیستن! بەڵام خەڵک و جەماوەری پارتی هەر هەمووی تووشی شۆک کردن، خەڵک دروشمی ئارامی و ئاوەدانیی هەڵبژارد، نەک تێکدان و رووخاندن.“
لە كۆتاییشدا نیاز حاجی جەختی كردووەتەوە: ”دیقەت بدەن، هەر بەو تەحلیل و تەئویلانەی ئیستایان دیارە کە ئەوان داخلی پیلانێکی رەش ببوون بۆ دیزاینکردنی ئەنجامەکان، هەر یەکەی چەند کورسییەکی پێشکەش کرابوو، بەڵام ئەوەی ئەو پیلانەی پووچەڵ کردەوە، جەماوەر و دەنگدەرانی پارتی بوون، ئێستا کە دەنگی پارتی 800 هەزاری تێپەڕاندووە، دڵنیام ئەگەر ئەو دیزایینە نەبوایە، ملیۆنیشی تێدەپەڕاند.“
وەڵام بدەوه