پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ڕێژەی دەنگەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەڵام شارەزایانی بواری هەڵبژاردن پێیان وایە بە هۆی فرەبازنەیی و بەرزیی بەهای كورسی لە هەولێر و دهۆك و چەند هۆكارێكی تر، ژمارەی كورسییەكانی كەمی كردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، زیاتر لە 809 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە كە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021، زیاتر لە 200 هەزار دەنگ زیادی كردووە كە ئەمەش زیادكردنێكی بەرچاوە، بەڵام كورسییەكانی كەمی كردووە، ئەوەش بە چەند هۆكارێكە.
لەمبارەیەوە شارەزایەكی بواری هەڵبژاردن ڕایگەیاند: یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وایانكرد كورسییەكانی پارتی كەم ببێتەوە، ئەوە بوو كە كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسییەوە بۆ 100 كورسی كەم كرایەوە، هەروەها فرەبازنەیی دەنگدانەكە، وای كرد ژمارەی كورسییەكانی پارتی كەم بێ و لە بارێكدا گەر یەكبازنەیی بووایە، پارتی 46 كورسیی یان زیاتری بەدەست هێنا.
سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد: وێڕای ئەوەش، بەهای كورسی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك، بەرزترە بەراورد بە سلێمانی و هەڵەبجە، بە جۆرێك یەكێتی بە 402 هەزار دەنگ، 23 كورسیی بردووەتەوە، پارتی دوو هێندە دەنگی هێناوە و بەلای كەمەوە 46 كورسیی دەبردەوە، بۆیە فرەبازنەییەكە ستەمی لە پارتی كردووە.
وێڕای ئەو هۆكارانەش، نزیكەی 100 هەزار دەنگی پارتی، بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و هەڵەی تەكنیكی، لەدەست چوون.
سەرەڕای ئەوانەش، پارتی زیاتر لە 401 هەزار دەنگی لە نزیكترین ڕكەبەری كە یەكێتییە زیاترە.
وەڵام بدەوه