لیوای یەكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری نێوان قەزاكانی كفری و خورماتوو جێگیر دەكرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە"وشە"ی راگەیاند، لیوایەكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە نێوان كفری و خورماتوو جێگیر دەكرێت، چونكە ئەو ناوچەیە بۆشایی تەناهیی تێدایە .
سەرچاوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی گوت، دەمێكە رێككەوتن هەیە كە ئەو ناوچانە بە پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بكرێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخانەی لە پێشتر هەبوون نەكران.
وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، ئێستە ئەو ئەركە جێبەجێ دەكرێت و چیتر ڕێگە نادرێت بۆشایی تەناهیی هەبێت تا گرووپە چەكدارەكان دزەی لێوە بكەن.
سەرچاوەكە گوتیشی، لە سەرەتادا 15 شوێن رەبایەی لێ دانراوە و هێزی تێدا جێگیر كراوە. لە رۆژانی داهاتووشدا لە ناوچەكە هێزی زیاتر جێگیر دەكرێت.
ئەو هێزەی دەبرێنە ئەو ناوچەیە، لیوا هاوبەشەكانیان پێ دەگوترێت، زۆرینەی ئەو پێشمەرگانەن پێشتر بەناوی لیوای 20ەوە لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوون. ئێستە لەگەڵ سەربازی تری سوپای عێراق تێكەڵ كراون.
بۆشایی تەناهی لەو ناوچانە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دروست بوون، پێشمەرگە ناچار بوو چۆڵیان بكات و بەشێكیش لە میلیشیاكان پاش هاتنیان بۆ ناوچەكە، لەبەر مەترسی گەڕانەوە بە چۆڵی جێیان هێشت.
ئەو رێگەیەی نێوان كفری و خورماتوو لە رووی كارگێڕییەوە سەربە پارێزگای سەڵاحەدینە، لە ماوەی رابردوودا چەندان جار چەكدارانی داعش هێرشیان لێوە كردووە، بەشێكیشان لەو ناوچەیە وەك مۆڵگە تێیدا دەمێننەوە
وەڵام بدەوه