سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان فەرمانی بە سەرجەم بەرپرس، كادیر و سەركردەكانی حزبەكەی كردووە كە دروشمی " كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین" لە كەڤەر یا پڕۆفایل و پۆستی فەیسبووكەكانیان دانێن، ئەوانەیشی فەرمانەكە جێبەجێ ناكەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت
ئەمڕۆ شەموو 28ی ئەیلوولی 2024، سەرچاوەیەكی ئاگەدار و بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان فەرمانی بە سەرجەم بەرپرس و کادیر و سەرکردەکانی یەکێتی کردووە کە وێنەی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بگۆڕن بە ئەو دروشمەی یەکێتی کە دەڵێت" کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین".
سەرچاوەكە ئەوەیشی گوت، فەرمانەکە ئیلزامیەوە پێویستە لە سەرەوه تا خوارەوەی یەکێتییەکان جێبەجێی بکەن، بە پێچەوانەوە حاڵوحسابیان لەگەڵ دەکرێت و تووشی لێپێچینەوە دەبن.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر، ئەم فەرمانە جگە لە بەرپرس و كادیر و سەركردەكانی یەكێتی، بە ئاسایشەكانیش گوتراوە و ئاسایشێكی سنووری سلێمانیش گوت كە پێمانناخۆشە بەڵام چارمان نییە و پێمان گوتراوە كە لە ئەگەری ئەنجامنەدانی لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەكرێت.
هەرچەندە بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی كۆمسیۆن، ناكرێ هیچ داو و دەزگا و فەرمانبەرێكی حكوومی بە مەبەستی بانگەشە بەكار بهێنرێت، بەڵام ئەوەی كە ئێستە یەكێتی لەسەر ئاسایشەكان سەپاندوویەتی بە سەرپێچی یاسایی لە قەڵەم دەدرێت، بە جۆرێك "سۆران گەردی" پارێزەر و شارەزایی یاسایی لەمبارەوە بە "وشە"ی گوت، ئاسایش دەزگایەكی حكوومییە و ئەو فەرمانەیش سەرپێچییەكی زەقی یاساییە.
ئەمڕۆیش مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی ئەم دروشمە و تەواوی دروشمەكانی تری كە رەنگدانەوە و بانگەشەن بۆ وێرانكاری زۆر بە كورتی و بە سادەیی وەڵامی هەموو ئەو دروشمانەی دایەوە و گوتی كە ناتوانن و لە بەشێكی تری قسەكانیشدا ئاماژەی دا كە وەڵامی قسە سووكەكان نادەینەوە، چونكە قسەی سووك هەرزانە.
پێشتریش لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆك بارزانی لەگەڵ دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن لەبارەی دروشمبازیی و قسەی كاندیدانی لاینەكان گوتی كە ئەوانەی زمانیان درێژە، هەمیشە ئەوانەن كە دەستیان كورتە.
وەڵام بدەوه