سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر بڕیاری رێپێدانی دروستكردنی خانووی بەشێوەی دابەش دوو دەركرد و ڕایدەگەیەنێت، لە هەموو ئەو گەڕكانەی، كە لە 60%ی خانووەكانی بەشێوەی دابەش دوو لێ دروست كراوە، ڕێپێدان دەدرێ و هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر بكەن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی 9ی 2024، سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر مژدەیەكی خۆشی بۆ هاووڵاتیان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و دانیشتوانی شاری هەولێر، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەمەبەستی ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بەشێوەی دابەش دوو داوا لە هواوڵاتیان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بکەن بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بەپێی ڕێکار و ڕێنوێنییە یاسایەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار."
ئاماژەی بەوەش كردووە، كە "لە ڕێنوێنییەکانی پێشوودا ڕێپێدان بەشێوەی دابەش دوو بۆ هەموو هاووڵاتییەک ڕێگەپێدراو نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان بە گشتی و خەڵکی کەم دەرامەت بەتایبەتی، بەپێی ڕێنوێنی نوێی وەزارەتی شارەوانی، لە ئێستادا ڕێپێدان هەموو ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە، کە ڕێژەی لە 60%ی بینای دابەش دووی لێ دروستکراوە."
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە "هەر بەپێی ڕێنوێنییەکان هاووڵاتی دەتوانێت بە یەک ناو لە وێنەی تۆمار دوو خانوو بەشێوەی دابەش دوو دروست بکات بەپێی جێبەجێکردنی مەرج و ڕێکارەکان."
وەڵام بدەوه