KurdistanPress...

CLOSE

ژینا کوردستانی لەبیرناکرێت

وه‌ك پێشتر چالاكان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و حزبه‌ سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بانگه‌وازیان بۆی كردبوو، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ دووه‌م ساڵوه‌گه‌ڕی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی پۆلیسی ره‌وشتی ئێران و هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دوكان و بازاڕه‌كانیان داخستوون و پێشوازییان له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، له‌ شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان خه‌ڵك به‌ره‌و پیلی مانگرتن چوون و كه‌شێكی زۆر تایبه‌تی به‌سه‌ر شاره‌كانی كوردستاندا زاڵه‌.

هێزێكی زۆری به‌تایبه‌تی له‌ رێیه‌كانی گه‌یشتن به‌ گۆڕستانی ئایچیی سه‌قز بڵاو كردووه‌ته‌وه

حكوومه‌تی ئێران هێزێكی زۆری به‌تایبه‌تی له‌ رێیه‌كانی گه‌یشتن به‌ گۆڕستانی ئایچیی سه‌قز بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، ناخوازێت خه‌ڵك له‌م رۆژه‌دا سه‌ردانی گڵكۆی ژینا ئه‌مینی بكه‌ن و دۆخێكی ته‌واو ته‌ناهی به‌سه‌ر سه‌قزدا زاڵه‌.

هه‌ندێك ڤیدیۆی تر له‌ شاره‌كانی سه‌قز و سنه‌ و بۆكان و شاره‌كانی تری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنن، بازاڕه‌كان داخراون و خه‌ڵك دوكانه‌كانیان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ ماڵه‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو به‌ بۆنه‌ی دووه‌م ساڵوه‌گه‌ڕی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، له‌لایه‌ن چالاكانی ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بانگه‌وازی مانگرتنی گشتی بڵاو كرایه‌وه‌ و ده‌یان رێكخراوی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئه‌و مانگرتنه‌ راگه‌یاند‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا حكوومه‌تی ئێران، به‌ ده‌یان چالاكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرتووه‌ و به‌ چاوسووركردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌، هه‌وڵی داوه‌ رێگری له‌م مانگرتنه‌ بكات، به‌ڵام پێناچێت بۆی چووبێته‌ سه‌ر، چونكه‌ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌م هه‌نگاوه‌دا یه‌كده‌نگ و یه‌كده‌ستن و به‌ یه‌كه‌وه‌ مانیان گرتووه‌.

ئه‌وان ساڵی رابردووش به‌ مانگرتنێكی گشتی سه‌لماندیان كه‌ له‌سه‌ر داوا ره‌واكانی خۆیان سوورن و زوو یان دره‌نگ، ئامانجه‌كانی شۆڕش سه‌رده‌خه‌ن.

له‌ 13ی ئه‌یلوولی ساڵی 2022 ژینا ئه‌مینی كه‌ له‌گه‌ڵ براكه‌ی سه‌ردانی تارانیان كردبوو، له‌ وێستگه‌ی میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ره‌وشت/ئاداب ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و به‌ ئۆتۆمبێل بۆ بنكه‌ی پۆلیس گوازرایه‌وه‌، به‌ڵام وا دیاره‌ له‌ رێدا به‌ سه‌ختی ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و كاتێك ده‌گاته‌ بنكه‌ی پۆلیس، له‌ هۆش خۆی ده‌چێت و دوای سێ رۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، گیانی له‌ ده‌ست دا.

ئه‌و رووداوه‌ بووه‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی راپه‌ڕینێكی گه‌وره‌ كه‌ چه‌خماخه‌كه‌ی له‌ سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لێ درا و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واوی ئێرانی ته‌نی. رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ زه‌بری سه‌ركوت و ئه‌شكه‌نجه‌ و هه‌ڕه‌شه‌، توانی هێوری بكاته‌وه‌. له‌ ماوه‌ی راپه‌ڕیندا كه‌ به‌ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسرا، زیاتر له‌ 600 كه‌س به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی ئێران كوژران كه‌ 142 كه‌سیان كورد بوون، جگه‌ له‌مه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س گیران و سزای قورس دران.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه