لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت و قایمقامیەتی چۆمانیش ئاشکرای دەکات، 200 لیتر نەوت بە 104 هەزار دینار دابەش دەکرێت.
قائیمقامیەتی قەزای چۆمان، بڵاوی کردەوە: "سەرجەم بریکارەکانی خۆراک لە سنووری قەزای چۆمان، هەر چوار ناحیەکانی سمیلان، گەڵالە، حاجی ئۆمەران، قەسرێ، ئاگادار دەکەینەوە، کە بۆ وەرگرتنی بەشەنەوتی ئەمساڵ، هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە و پارەی ئەو بەشە نەوتە لە هاووڵاتییان وەربگرن."
ئاماژەی بەوەش کرووە: "نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران دەستدەکات بە دابەشکردنی بەشە نەوت لە سەنتەری قەزا و ناحیەکانی سنوورمان."
قائیمقامیەتی قەزای چۆمان لەبارەی نرخی نەوتەکە ئاشکرای کردووە، 200 لیتر نەوتیان پێ دەدرێ و بڕی 104 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر لەپێش ماڵی هاووڵاتییان دابەش بکرێت، دوو هەزار دیناری دیکە وەردەگیرێت.
رۆژی 5/9/2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاشکرای کرد: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپاردووە، دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزینی نرخی بەنزین بکرێت."
وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە، ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە، تاوەکوو بەم نزیکانە لەسەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراوی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بکرێت.


وەڵام بدەوه