شاعیر و رۆژنامەنووسێكی ناسراوی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرای دەكات، كەمینەی دەسەڵاتداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئەو بە ”باڵە تارانییەكەی یەكێتی“ ناوی بردوون، لە ڕێی ڕادەستكردنەوەی بەهزاد خوسرەوییەوە پەیامێكیان بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) دا كە ئەگەر ملكەچی بڕیارەكانیان نەبن، یەك یەكە ڕادەستیان دەكاتەوە.
رەسووڵ سوڵتانی، شاعیر و رۆژنامەنووسی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (بۆچی بەهزاد؟) بڵاو كردەوە و تێیدا رای گەیاند: ”باڵە تارانییەکەی یەکێتی کە بە هەر هۆیەک تا ئێستا ئەوەی بەسەر کۆمەڵەی هێناوە، نەیتوانیوە یان نەیویستوە بەسەر دێموکراتی (حدكا) بێنێ، ویستی هۆشدارییەکی پێ بدات و چاوێکی لێ سوور بکاتەوە و پێی بڵێ ئەگەر ملکەچی بڕیارەکانمان نەبیت، ئاوا یەکە یەکە ڕادەستتان دەکەینەوە و پێویستیش نییە وەک نەوەدەکان گوللە و فیشەکتان لێ خەسار بکەین.“
ڕوونیشی كردەوە كە بۆ ئەم هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەیە، ”دەبوو بێکەسترین و هەژارترین و لاوازترین کەس لە ڕووی پێگە و جەستە و باری دەروونییەوە هەڵبژێرن، چونکە پێیان وا بووە هەم پەیامەکە دەگەیەنێت و هەمیش دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نابێت. بەتایبەتی کە زۆر سووک و سانا دەشتوانن تۆمەت و بوختانیشی بۆ هەڵبەستن. زۆر سادەیە، بۆچی بەهزاد.“
هەروەك ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هەموو یەكێتی لەم تاوانەدا بەشدار نین و تاوانەكە هەر تەنیا كەمینەی دەستڕۆیشتووی یەكێتین كە ئەو بە ”باڵە تارانییەكەی یەكێتی“ ناوی بردوون و نووسیویەتی: ”لە یەكێتیی نیشتمانیشدا سەدان کادیر و ئەندامی نیشتمانپەروەر بەو ئاکارانە تووڕەن. لەوێش تەڕ و وشک پێکەوە مەسووتێنن.“


وەڵام بدەوه