پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران، کە پێکهاتووە لە ڕێکخراوی هەنگاو و پێنج ڕێکخراوی دیکە لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی گواستنەوەی کەمپی بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ڕادەستکردنەوەی پەنابەرێکی سیاسیی کورد لەلایەن ئاسایشی یەكێتییەوە بە ئێران، داوای دەستەبەرکردن و پاراستنی مافی ئەو پەنابەرانە دەکات.
ڕێکخراوەکان، کە پێکهاتوون لە (پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران کە بریتین لە: ڕێکخراوی جیهانی کورد، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کوردستان تریبۆناڵ، ناوەندی پەیامنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ) لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان سەبارەت بە بارودۆخی ئەستەم و مەترسیداری پەنابەرانی سیاسی و ئەندامانی حزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و بنەماڵە نیشتەجێبووەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە لەم دواییانەدا لە ڕووی ناچار و بە زۆرەملی لە جێگەی نیشتەجێبوونی خۆیان لە زڕگوێز لە نزیک شاری سلێمانی بۆ کەمپێکی ناوچەی سوورداش ڕاگوێزراون، دەردەبڕین."
لە ڕاگەیاندراوەكەی ئەو ێكخراوانەدا هاتووە: " ئەم ڕاگواستنە، کە دوابەدوای ڕێککەوتنێکی ئەمنی نێوان حکوومەتەکانی عێراق و ئێران جێبەجێ کراوە، نیگەرانییەکی جدی سەبارەت بە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان وەکوو خەڵکێکی مەدەنی و پەنابەری سیاسی دەخولقێنێت.
جەخت لەوەش دەکەنەوە، كە "ئەو پەنابەرانە و بنەماڵەکانیان، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ، کە پەیوەندیی بە دۆخی پەنابەرانەوە هەیە؛ مافی پارێزگاری و ژیانێکی مرۆیی و ڕێزگرتنی کەسایەتییان پێ دەدا."
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندرێوەکەدا، ڕادەستکردنەوەی بەهزاد خوسرەوی، چالاکوانی سیاسی لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە شەرمەزار دەکەن و نووسیویانە: "ڕادەستکردنەوەی بەهزاد خوسرەوی پەنابەری کورد و ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بە دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن دەزگای ئاسایشی شاری سلێمانییەوە بە توندی شەرمەزار دەکەین و نیگەرانیی خۆمان لە دۆخی ناوبراو دەردەبڕین."
ئاماژەیان بەوەش کردووە: "دۆخی پەنابەران و چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت، کە بەپەلە، نەک تەنیا بۆ پاراستنی مافەکانیان، بەڵکوو بۆ دڵنیابوون لەوەی، کە نەبنە قوربانیی یارییە سیاسییەکان و ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی ناوچەکە ڕێکاری تایبەت بگیردرێتەبەر."
دەشڵێن ئێمە وەکوو پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران، لەو بارەیەوە داوامان لە حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە:
١- سەلامەتی و ژیانی ئاسایی سەرجەم هاووڵاتیانی مەدەنی بەتایبەت ژنان و منداڵانی ڕاگوێزراو مسۆگەر بکەن، زۆر گرنگە لەم کهمپه نوێیەدا ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانیان بگیردرێت و بپارێزرێن.
٢- ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئیران و بنهماڵهکانیان وەک پەنابەری سیاسی پێویستە پارێزگاریی نێودەوڵەتییان هەبێت لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی جەستەیی یان دەروونییان، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین ڕێز لە پێگەی ئەو چالاکانە وەکوو پەنابەری سیاسی بگرن و دڵنیا بن لەوەی، کە بەهۆی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانەوە ژیانیان نەخرێتە مەترسییەوە.
٣- داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبهت دهزگای ئهمنیی ههرێمی کوردستان دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پەنابەرانە بکەن و ڕێز لە کەسایەتی و مافە مرۆییەکانیان بگرن.
جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، بەدواداچوونی بەردەوام بۆ بارودۆخی خەڵکە ڕاگوێزراوەکە لە کەمپی سوورداش دەکەن و لەو بارەیەوە لەگەڵ ناوەندە جیهانییەکان لە پەیوەندیدا دەبن.


وەڵام بدەوه