میدیایەكی زمانحاڵی سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی رای دەگەیەنێت كە بەهزاد خوسرەوی، ئەو گەنجە كوردەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە لایەن یەكێتییەوە ڕادەستی ئێران كرایەوە، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی ڕادەست كراوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024، ئاژانسی (تەسنیم)ی سوپای پاسداران لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە دەزگا ئەمنییەكانی ئێران توانیویانە بەهزاد خوسرەوی، ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وەربگرنەوە.
هاوكات لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداریشەوە جەختی كردۆتەوە كە یەكێتی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی ئەو حزبە، بەهزاد خوسرەوی، ئەندامی حزبی دیموكراتی رادەستی ئێران كردۆتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند ڕۆژێكە یەكێتی هەوڵی ئەوە دەدات پەرێزی خۆی لەم تاوانە پاك بكاتەوە، پاش ئەوەی تووشی ئیحراجییەكی زۆر بوو بەهۆی ئەو راگەیاندراوە پڕ لە درۆ و چەواشەكارییەی بە ناوی دەزگای ئاسایشەوە بڵاوی كردەوە و بانگەشەی ئەوەی كرد گوایە بەهزاد خوسرەوی ئەندامی هیچ حزبێك نەبووە و لەسەر خواستی خۆی رادەستی ئێران كراوەتەوە، كەچی پاشان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێكی فەرمیدا جەختی لەم خاڵانە كردەوە:
- بەهزاد خوسرەوی ئەندامی حزبی دیموكراتە.
- زیاتر لە 10 ساڵە لە سلێمانییە و مافی نیشتەجێبوونی هەیە.
- ئەندامی كۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە.
- بە خواستی خۆی رادەست نەكراوەتەوە.


وەڵام بدەوه