ڕۆژنامەنووس و چالاكێكی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی كەمینەی دەسەڵاتداری نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەپرسێت، ئاخۆ لە بەرامبەر ڕادەستكردنەوەی دژبەرانی ئێران، چەند كورسیی پەرلەمانی كوردستانیان پێداوە؟
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، پەنابەرێكی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوی بێهزاد خوسرەوی، لە لایەن ئاسایشی یەكێتییەوە ڕادەستی ئێران كرایەوە، ئەمەش كاردانەوەی ئازادیخوازان و چالاكانی سیاسیی لێ كەوتەوە، بۆیە لە روونكردنەوەیەكدا ئاسایشی یەكێتی بانگەشەی ئەوەی كرد گوایە ئەو كەسە (بێهزاد) نە مافی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی كوردستان هەبووە، نە ئەندامی هیچ حزبێكی سیاسی بووە! لە بەرامبەریشدا حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێكدا زانیارییەكانی ئاسایشی یەكێتیی بەدرۆ خستەوە و رایگەیاند كە بێهزاد خوسرەوی ئەندامی حدكا بووە و 10 ساڵە مافی نیشتەجێبوونی لە سلێمانی هەیە و لە كۆمسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بە فەرمی وەك پەنابەرێكی سیاسی ناسێندراوە!
لەمبارەیەوە عەلی جەوانمەردی، رۆژنامەنووس و چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) لە بافڵ تاڵەبانیی پرسی: "چەند کورسیی پەرلەمانت بەرانبەر بە ڕادەستکردنەوەی دژبەرانی ئێران بۆ دانراوە؟"
ڕوونیشی كردەوە، ئاسایشی یەكێتی پاش لەقاودانەکانی ئێمە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند كە بەهزاد خوسرەوی بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون ڕادەستی ئێران کراوەتەوە، كەچی بەڵگەنامەی مافی نیشتەجێبوونی بەهزاد خوسرەوی لای هەموان بەردەستە و جەوانمەردی وێنەیەكیشی لەگەڵ نووسینەكەدا لێ بڵاو كردووەتەوە.
عەلی جەوانمەردی ڕاشكاوانە دەڵێت: "پاش خیانەت، ئێستا پاساوی درۆ! ئەمجارە مافیای بافڵ تاڵەبانی دەڵێن چی؟ خەڵكی بەشەرەف و بەویژدانی کوردستان قەزاوەت بۆ ئێوە جێ دێڵین."


وەڵام بدەوه