شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەر راسپاردەی وەزیری شارەوانی، ئەو فەرمانبەرانەی لە دەرەوەی وڵاتن و خزمەتی هەشت ساڵیان هەیە، بۆیان هەیە فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕ بكەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانیی سلێمانی بڵاوی کردەوە: "لیژنەی دابەشکردنی زەویی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، ئاگاداری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکاتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتن و مۆڵەتی درێژخایەنیان هەیە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری شارەوانی، ئەو فەرمانبەرانە ئەگەر خزمەتی هەشت ساڵیان هەبوو دەتوانن فۆڕمی زەوی پڕ بكەنەوە."
ئاماژە بەوە دراوە، لەماوەی دوو رۆژدا دەبێت ئەو فەرمانبەرانە کەسێک بنێرن و سەردانی شارەوانی بکات بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی بەڵێننامەی وەرگرتنی زەوی.
شارەوانی سلێمانی باسی لەوەش کردووە، ئەو کەسەی بە مەبەستی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەنێردرێت دەبێت بریكارنامەی گشتی (وەکالەت عامە)، یاخود بریكارنامەی تایبەتی فەرمانبەرەکەی هەبێت، هەروەها پێویستە بریکارەکە کارتی زانیاری، کارتی نیشتمانی خۆی و هاوسەری و منداڵی فەرمانبەرەکەی پێبێت.
پێشتر، د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، راگەیاندبوو: "بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زەوی، هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە، بە فەرمانبەران کە لەڕابردوودا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش وەکوو مافێکە و حکوومەتیش ئەو مافە دەدات."
عەبدولحەكیم خەسرەو ئاماژەی بەوەش دا: "لە شار و شارۆچکەکان زەوی تەرخان دەکرێت و لە پڕۆسەیەکی ورد زەوی بە فەرمانبەران دەدرێت."
بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، دەستیشانکردنی ناوی فەرمانبەران بەپێی ڕێکاری تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و دواتر وەزارەت و دامەزراوەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، گوتیشی: "زەوی تەرخانکردن و شوێنەکان و بابەتی زەوی کوژاندنەوە ئەوەیان وەزارەتی شارەوانی دەیکات."
وەڵام بدەوه