دوو زانكۆ كاتی دەوامی وەرزی نوێی خوێندنی قوتابییان ئاشكرا دەكەن و جەخت دەكەنەوە، سبەی دەوامی فەرمییە و غیاباتیش وەردەگیرێت.
سامان عەبدوڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ڕاگەیاند: سبەی یەکشەممە 8ی ئەیلوول، دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەموو بەش و کۆلیژەکان دەست پێدەکات.
ئاماژەی بەوەش دا: لەگەڵ یەکەم ڕۆژی دەوامی فەرمی، غیاباتیش وەردەگیرێت.
سامان عەبدوڵا، باسی لەوەش کرد، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ بەشە ناوخۆییەکان ئامادەکارییان کردووە و قوتابییانیش گەڕاونەتەوە بۆ بەشە ناوخۆییەکان."
بەپێی رۆژژمێری زانكۆی سەڵاحەدین، رۆژی 1ی9ی2024 دەستبەكاربوونی مامۆستایانە و رۆژی 8ی9ی2024، دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندنە.
لە سەرێکی دیکەوە، سەرمەند بەرزنجی، بەڕێوەبەری کارگێڕی و خۆیەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ڕاگەیاند: "رۆژی 8ی9ی2024، دەستپێكی ساڵی خوێندنی 2024- 2025ی زانكۆكەمانە و تا رۆژی 12ی9ی2024 خۆتۆماركردنی قوتابییان لە سیستەمی مودڵ بەردەوام دەبێت و پێویستە كۆلیژ و پەیمانگاكانی زانكۆمان پابەندی دەوام و رۆژژمێری زانكۆ بن."
ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی رۆژژمێری زانكۆ، دەوام و پشووەكان و تاقیكردنەوەكان دیاری كراون و كۆلیژ و پەیمانگاكان پابەندی ئەو رۆژژمێرە كراون.
ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ لەنێوان 1 بۆ 12ی 9ی 2024، قوتابییان ناوی خۆیان تۆمار بكەن، گوتیشی: "بۆ ئەو قوتابییانەی ئەمساڵ وەردەگیرێن، بابەتەكە جیاوازە و دەوەستێتە سەر راگەیاندنی ناوەكان و دەستپێكردنی مامەڵەكانیان."
جەختی کردەوە، ئامادەکاریی پێویست بۆ ساڵی نوێی خوێندن کراوە.
ساڵی رابردوو، زانكۆكان لەنێوان 1ی9 بۆ 15ی9 دەستیان بە وەرزی نوێی خوێندن كرد.
لە هەرێمی کوردستان 18 زانکۆی حکوومی و 17 زانکۆ و لقە زانکۆی تایبەت و 12 پەیمانگەی جۆراوجۆر لە شار و شارۆچکە جیاجیاکاندا هەن و ساڵانە هەزاران قوتابی لە ئاست و قۆناغە جیاجیاكانی خوێندنەوە لەخۆ دەگرن.


وەڵام بدەوه