لە چوارچێوەی پاکتاوکردنی سەرکردە و خەباتگێڕە دێرینەکانی یەکێتی، ئەمڕۆ و شەوی ڕابردوو، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، هێزی کۆماندۆی یەکێتی، ماڵ و میوان و دەزگا میدیایی و رۆشنگەرییەکانی سەر بە مەلا بەختیاریان داگیر کرد، سەرچاوەیەکیش ڕایگەیاند، کە مەلا بەختیار داوای لە هاوبەرە و نزیکەکانی کردووە جارێ ئارام بگرن.
شەوی ڕابردوو، هێزەکانی کۆماندۆ بەفەرمانی ڕاستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی، لە خانەقین دەستیان بەسەر میوانخانەکەی مەلا بەختیاردا گرت، ئێوارەی ئەمڕۆش هێزەکانی کۆماندۆ گەمارۆی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێریان گرت، کە خودی مەلا بەختیار خاوەندارێتی دەکات.بافڵ تاڵەبانی فەرمانی بە هێزەکانی کۆماندۆ کردووە، کە دەستیان بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانی مەلا بەختیاردا بگرن، هەروەها داواشی لە هێزەکانی کۆماندۆ کردووە، ئەگەر مەلا بەختیار کاردانەوە و بەرهەڵستکاریی هەبوو، دەستگیری بکەن. مەلا بەختیار لەگەڵ بەشێک لە پاسەوانەکانی لە باخەکەی خۆی لە مێرگەپان ماوەتەوە و داوای لە کەسە نزیکەکانی خۆی کردووە، جارێ هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکیان نەبێت، تاوەکوو خۆی هەڵوێستی توندی لەسەر ڕووداوەکان دەبێت، بڕیارە خەڵکێکی زۆر لە خانەقینەوە بۆ پاڵپشتی لە مەلا بەختیار بگەنە سلێمانی.


وەڵام بدەوه