بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی جادووگەرێکی بەناوی (شێخ شاباز) راگەیاند کە بەناوی (سحر و جادوو) دەستدرێژی نەشیاوی کردۆتە سەر چەند ئافرەتێک و گرتە ڤیدیۆیانی تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24/7/2024، بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە: "لەلایەن چەند هاووڵاتیەک ئاگادار کراینەوە کەسێک ناسراوە بە (شێخ شاباز) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەژمارێکی داناوە بەناوی (سحر و جادوو بەگرەنتی) و دەستدرێژی نەشیاوی کردۆتە سەر چەند ئافرەتێک و گرتە ڤیدیۆیانی تۆمار کردووە."
ئاماژە بەوەش کراوە: "دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانمانەوە، بە داڕشتنی پلانێک توانیمان ناسنامەی (شێخ شاباز) ئاشکرا بکەین کە ناوی (ف، ش، أ) و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد."
روونیش کراوەتەوە: "تۆمەتبار (ف، ش، أ) لە لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە بەناوی کاری (سحر و جادوو) دەستدرێژی کردۆتە سەر چەند ئافرەتێک و گرتە ڤیدۆیانی تۆمار کردووە و لەبەرامبەر بڵاونەبوونەوەی گرتە ڤیدۆکانیان داوای بڕێکی زۆر پارەی لەو ئافرەتانە کردووە، هەروەها لە ژێر فشار و هەڕەشەکردندا بڕێکی زۆر پارەی لە چەند ئافرەتێکی تر وەر گرتووە."
ئەوەش خراوەتە روو: "جێگەی ئاماژەیە تۆمەتبار (ف، ش، أ) پێشینەی تاوانی هەیە و پێشووتر بەتۆمەتی ڕێگریکردن دەستگیر کراوە."
هەروەها ئاسایشی هەولێر داوا لە ئافرەتان دەکات خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە کەسانە و نەکەونە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەژمارانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی کاری سحر و جادوو دەکەن، تاوەوکوو نەبنە قوربانی دەستی ئەم جۆرە کەسانە.
وەڵام بدەوه